مەسرور بارزانی: ئەنفال تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژنەبووی جەستەی گەلی کوردستانە

لە پەیامێکدا بەبۆنەی 36 ساڵەی کۆمەڵکوژی شاڵاوی ئەنفال مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەنفال “تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژنەبووی جەستەی گەلی کوردستان”. دەشڵێت، “بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووری حکومەتی فیدراڵە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکەی رایگەیاند، “ئەمڕۆ یادی تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژنەبووی جەستەی گەلی کوردستان دەکەینەوە، کە 36 ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پێناو سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجام دا”.

لە پەیامەکە هەروەها هاتووە، “ئەنفال تاوانێکی کەم وێنە و لەبیرنەکراوە و دەبێ هەمیشە ئەو تاوانانە و قوربانییەکانمان لە یاد بێت و نەوەکانمان بزانن کە خەڵکی کوردستان، چ قوربانییەکی مەزنیان لە پێناو مافە نەتەوەییە ڕەواکانی داوە”.

حکومەتی هەرێمی كوردستان، وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی ئاماژەی پێ کردووە، “لە کاتێکدا خزمەتکردنی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، لە هەمانکاتدا دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووری حکومەتی فیدراڵە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە”.

سەرۆکی حکومەت دەشڵێت، “ئەوەی مایەی داخە تا ئێستاش کەس و لایەن هەن دەیانەوێ بە بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنیانە و بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی لە پشتی ئەنجامدانی ئەنفالەوە بوو، نکۆڵی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن کە لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانێکی بێ وێنەی خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون”.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادەوەریماندا زیندوون”.

 

Back to top button