عەلی حەمەساڵح: قوباد تاڵەبانی بە داهاتی سلێمانی كۆپتەر دەكڕێ، كەچی 10 ساڵە نەیتوانیوە ڕێگەی كەلار – دەربەندیخان تەواو بكات
دوێنێ یەکشەممە، قوباد تاڵەبانی بە هێلیكۆپتەر لە سلێمانییەوە چووە گەرمیان، بەم هۆیەشەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆر بووەوە و چاودێران باسیان لەوە كرد كە هۆكاری چوونی قوباد تاڵەبانی بۆ گەرمیان بە هێلیكۆپتەر، خراپیی ڕێگەوبانی گەرمیانە.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیوویەتی: “لە داهاتی سلێمانی کۆپتەر بکڕن، لە سلێمانیەوە پێی بچنە گەرمیان.”
هەروەها ئامۆژگاری قوباد تاڵەبانی كرد بەوەی پێویستە بزانن کێشەکان چین، “نەوەک رێگا وێرانەکەی کەلارو دەربەندیخان بێزارتان بکات!”
لە نووسینەکەی دەشڵێت: “قوباد تاڵەبانی لە 2014ەوە جێگری سەرۆکی حکومەتە! كەچی 10 ساڵە نەیتوانیوە رێگای کەلار-دەربەندیخان تەواو بکات!”
هاوکات پێیوایە قوباد تاڵەبانی “دەیان کەسی کردۆتە قوربانی!” وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو هەموو كەسەی كە بەهۆی خراپی رێگەی نێوان كەلار – دەربەندیخان، بوونەتە قوربانی رووداوی هاتووچۆ.
دەشڵێت: “بۆ ئەوەی ئەو ڕێگا وێرانەی ئێمە نەبینێ، بە کۆپتەر چووە بۆ کەلار! تا لە کێشەی خەڵک بکۆڵێتەوە!”
لە كۆتاییشدا هێمای بۆ داگیركاریی زەوییەكانی كەلار لە لایەن دەسەڵاتدارانی زۆنەكە كردووە و نووسیویەتی: “گشت زەویی کەلار، بردرا.”