رێواز فایەق تا ئێستاش لەدەرەوەی رێنماییەکان ئۆتۆمبێلەکانی پەرلەمان بەکاردەهێنێت

سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو پەرلەمانی كوردستان ئاشکرای کرد، بەپێی رێكارە یاساییەكان، دوای ئەوەی ئەستۆپاكی بۆ پەرلەمانتار یان ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرا، دەبێت ئۆتۆمبێل و ئەو پێداویستییانە بگەڕێننەوە پەرلەمان كە بۆ ماوەی كاركردنیان لە پەرلەمان پێیان دراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرا كرد، تا ئێستا بەشێك لە پەرلەمانتاران و ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، هەرچەندە ئەستۆپاكیشیان بۆ كراوە، كەچی ئۆتۆمبێلەكانیان نەگەڕاندەوە، ”یەكێك لەوانە رێواز فایەقی سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانە كە خۆی لە چاوپێكەوتنێكیشدا دانی پێدا ناوە و دەڵێت ئێستاش من ئۆتۆمبێلی پەرلەمان بەكار دەهێنم.“

هاوكات باسی لەوەش كرد كە هەر فەرمانبەرێک لە فەرمانگەكەی کە ماوەی کارکردنی تەواو دەبێت، ئەستۆپاكی بۆ دەکرێت، ئەمەش پاش ئەوەی كە هەر شتێکی لە لا بێت، بیگەڕێنێتەوە، ”خۆتان دەزانن پەرلەمانتارەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان بە قۆناغی یاسایی خۆیان لێرە نەڕۆشتوون، خانەنشین کراون، بۆیە پێش ئەوەی سەرۆکایەتییەکی نوێ بۆ پەرلەمان دابنرێت، لە خولی داهاتوو، دەبێت ئەو ئۆتۆمبێلانە بگەڕێنرێنەوە بۆ پەرلەمان، ئەگەرنا چەند رێگەیەك هەیە بۆ وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلەكان، یەكێك لەوانە ئەوەیە كە ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكان رەوانەی هاتووچۆ بكرێت و لە لایەن هاتوچۆوە ئۆتۆمبێلەکان رابگیرێن.“

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لای رێواز فایەقن، موڵكی گشتین و بە مەبەستی خزمەتی گشتی و لە داهاتی گشتی كڕدراون.

Back to top button