سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەكات

رۆژی سێشەممە 16ی نیسانی 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز پاتریك دوریل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە و هەورەها بارودۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق خۆشحاڵی خۆی نیشان دا بەوەی كە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا دیالۆگ بەرقەرارە و ئەوەشی خستەڕوو كە فەڕەنسا هەموو كاتێك هاوسۆز و پاڵپشتی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە و پێویستە مافەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵدا بپارێزرێن. جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی دیالۆگ بە باشترین رێگە دەزانێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها كێشە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ رۆڵی مێژوویی فەڕەنسا هەبوو لە پشتیوانیكردنی مافە رەواكانی گەلی كورد لە هەموو قۆناغەكان. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بە خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دا لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەروەری و مافە نەتەوەییەكان و رەتكردنەوەی جیاكاری و ستەم. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتییە لە پێشێلكردنی دەستوور و پابەندنەبوون بە رێككەوتنەكان و هەروەها دروستبوونی مەترسی لەسەر پڕۆسەی دیموكراسی و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كە هەرێمێكی دەستووری و بەرهەمی قوربانیدانی دەیانساڵەی گەلەكەمانە. سەرۆك بارزانی بودجە و شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانی بە مافێكی سرووشتی خەڵكی كوردستان لە قەڵەم دا كە بە هیچ شێوەیەك نابێ بكرێتە كارتێكی سیاسی و لەدژی هەرێم بەكار بهێندرێت. هەر لە درێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامی دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ راگەیاند و بە باشترین رێگە بۆ چارەسەربوونی كێشەكان نێوان هەردوولای وەسف كرد.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم سەرۆك بارزانی تەئكیدی كردەوە كە پارتی هەردەم ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە دەرئەنجامەكانی دەرخەری ئیرادەی راستەقینەی دەنگدەرانی بێت و پێکهاتەکان بتوانن نوێنەرایەتی ویست و دەنگی خۆیان بکەن و دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و گیروگرفتی یاسایی و تەکنیکی. سەرۆك بارزانی هیوایشی خواست لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم و رەچاوكردنی كولتوور و بەهاكانی دیموكراسی لە خزمەتی پاراستن و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستاندا بن.

 

Back to top button