سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق دەكات

رۆژی چوارشەممە 17ی نیسانی 2024، لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەر لەدوای راپەڕینەوە پارتی دەستپێشخەری دیموكراسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دەستووری بووە و هەردەم ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە هەرێمی كوردستان. ئەو تێبینیانەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن هەیەتی بەهۆی بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن و زۆربوونی گیروگرفتی تەكنیكی و دەستكاری نادەستووری یاسای هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بووە. پارتیش لەپێناو پاراستنی بەها دیموكراتیەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەو هەڵوێستەی وەرگرتووە.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و ئێستاش پارتی داوا دەكات بە زووترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكییانەی كە رێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەر بكرێن و هەروەها سیغەیەكی گونجاویش بۆ بەشداری پێكهاتەكان و پێشێلنەبوونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین كە گەرەنتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرخەری دەنگی خەڵك و ئیرادەی راستەقینەی گەلی كوردستان بێت.

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە بە پەرۆشیەوە هاتوونەتە سەر هێڵ و بە بایەخەوە را و تێبینیەكانی پارتییان وەرگرتووە. سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا كە ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت. بەڵام هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن، بە دڵنیاییشەوە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت. سەرۆك بارزانی هیواشی خواست كە بە بەشداری هەموو لایەنەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمیسیۆنی عێراقی بتوانرێ كەموكوڕییەكان چارەسەر بكرێن و رێگە بۆ هەڵبژاردنێكی راستەقینە و پاك و شەفاف خۆش بكرێت و چارەسەرێكی گونجاویش بۆ بەشداری پێكهاتەكان بدۆزرێتەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق پێزانینی بۆ رۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسی و سەقامگیری عێراق و هەرێمی كوردستان هەبوو و جەختی لەوە كردەوە كە یەكێتی ئەورووپا تێبینی و سەرنجەكانی پارتی لەسەر لایەنە تەكنیكییەكانی هەڵبژاردن و بێبەشبوونی پێكهاتەكان بە جددی وەرگرتووە و لە نزیكەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەكات. راشیگەیاند كە هەم یەكێتی ئەورووپا و هەمیش نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەوە هاوڕان كە هەڵبژاردن بە بێ بەشداری حیزبێكی گەورەی وەك پارتی، دیموكراتیانە و سەركەوتوو نابێت.

Back to top button