زانا مەلا خالد: پەیامی پارتی هەڵبژاردنێكی پاك و دوور لە دەستوەردان و پیلانی پێشوەختەیە
لەم چەند ساڵەی دوایی بەهۆی دۆخێكی سەپێنراوەوە هەڵبژاردن دوا كەوت، ئەگەر نا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی رێكوپێك و بێ كێشە و بە بەشدارییەكی گەورەی جەماوەری لە وادەی خۆی بەڕێوە دەچوو، بەڵام بابەتەكە قۆزرایەوە و ئێستاش هەوڵێك هەیە دوور لە خواست و بەرژەوەندییەكانی هەرێم و هاووڵاتییانی هەڵبژاردنێكی پێشتر ئەنجام دیاریكراو بسەپێندرێت.
زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی خۆیدا نووسیویەتی، هەڵبژاردن مافی خەڵكە و كەس پیادەكردنی ئەو مافە لە گەلی كوردستانی زەوت ناكات، سەرۆك بارزانی لە ساڵی 1992 یەكەم سەركردەی سیاسی گەلی كوردستان بوو كە بووە فریادڕەسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پیادەكردنی ئەو مافە دیموكراسییە بۆ گەلی كوردستان.
ئاماژەی بەوە كردووە، لە 3ی 11ی 2021ەوە و ساڵێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دەستپێشخەری بۆ لایەنە سیاسییەكان كرد كە ئەگەر تێبینییەكیان لەسەر یاسای هەڵبژاردن یان پرسی كۆمسیۆن هەیە، ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك و پێشنیازەكانیان نییە.
مەلا خالید دووپاتی كردەوە، دۆخی ناوخۆیی هەندێك لایەنی سیاسی و ترسی دۆڕان لە هەڵبژاردن، هاوكار نەبوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەرئەنجام هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی پەرلەمان پەك بخەن و نەهێڵن گرفتەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بێت، لە دانوستاندنەكانمان هەر جارەی بیانوویەك زیاد دەبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی رێك نەكەون و سیاسەتی كاتكوشتن پەیڕەو بكەن، تا پرۆسەكە دەگەینن بەو كاتەی كە بەڵێنێكیان لەلایەن دۆستە دژەكوردستانییەكانیان پێ درابوو كە یاسای هەڵبژاردن بە نایاسایی بگۆڕن و پێشێلی دەستوور لە دەستەبەری مافی پێكهاتەكان بكەن و رۆڵی دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بەلاوە بنێن، وەك ئەوەی خۆیان دەیانەوێت (كاڵا بە بەرگی باڵای خۆیان) بدوورن.
روونیشی دەکاتەوە، رەتكردنەوەی ئەو سیستمە نایاسایی و نادەستوورییە لەلایەن پارتییەوە، رەتكردنەوەی فەرزی ئیرادەی دەرەكییە بەسەر ئیرادەی گەلی كوردستان، ئەوان ئەوێ رۆژێ دەیانگوت ناهێڵین سندووقی هەڵبژاردن لەو دیوی دێگەڵە دابنێن، ئێستا دەڵێن سندووقی هەڵبژاردن لە ناو ماڵی خۆمان دادەنێین، دەیانگوت هەڵبژاردن رەهەندی نیشتمانی و یاسایی هەیە و پێویستی بە (سازان) هەیە، ئەگەر سازان نەكرێت، نابێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئێستا دەڵێن هەڵبژاردن تەنیا كۆمسیۆن لێی بەرپرسیارە و هیچ رێگرییەك بۆ ئەنجامدانی نییە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی زیاد کرد، “ئەو راستییە دەبێت بزانرێت كە هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە و پەرلەمانیش بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلی كوردستانە و پارتی پشكی شێری لەو خەبات و قوربانیدانە بەر كەوتووە، بۆیە برادەران دەبێت ئەوە بزانن كە هەڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مەڵبەند و كۆمیتەكان نییە تا بە تاكلایەنە بەڕێوەی ببەن و پارتی و زۆرینەی گەلی كوردستان تەماشاكار نابێت و بەرهەم و قوربانیدان و ئەزموونەكەمان تەسلیم بە دەستێكی نائەمین ناكرێت، پەیامی پارتی و ئامادەیی بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و دوور لە دەستوەردان و پیلانی پێشوەختە بۆ ئەنجامەكانی روونە”