سامانە سروشتییەکان: هیچ پاساوێک نییە بۆ بەربەست خستنە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت
سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسانی عێراق هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. دەشڵێ : هیچ پاساوێک نییە بۆ بەربەست خستنە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت و، هانی حکومەتی عێراق دەدەین پابەند بێت بە رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت.
لە راگەیەنداوەکەدا هەروەها هاتووە “حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو لێدوانە فەرمییانەیە کە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان خراوەتە ڕوو. ئەو لێدوانانە هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان”.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە “ئێمە هانی حکوومەتی عێراق دەدەین پابەند بێت بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی مانگی یەک و ئاسانکاری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. هیچ پاساوێک نییە، نە لە دەستووری ساڵی 2005 یان لە هەر شوێنێکی تر، بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەربەست بخاتە بەردەم هەناردەکردنی نەوت. ئەو هەناردەکردنانە بۆ خۆشگوزەرانیی هەموو گەلانی عێراق گرنگن. هەروەها بۆ ئاشتی و ئاسایشی وزەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر گرنگن.”
دەشڵێ: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردن و هاندانی جێبەجێکردنی یاسا. حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکپارچەیی و سەربەخۆیی و دەسەڵاتی دەستووریی دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت.
باس لەوەشدەکات کە یاسای نەوت و غازی 2007ی هەرێم و هەموو یاساکانی حکومەتی هەرێم بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن و حکومەتی هەرێم وەک هەمیشە دەستووری 2005 دەپارێزێت و یاسای ساڵی 2007 بەرز ڕادەگرێت و پابەند دەبێت بە مەرجەکانی ئەو گرێبەستانەی کە بەپێی ئەو یاسایە کراوە.