50 ساڵ بە سەر بۆمبباران کردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 24 ی 4،  50 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر بۆمبباران کردنی شاری قەڵادزێ بە چەکی قەدەغەکراو لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی بەعسەوە تێدەپەڕێت، کە سەنتەری شاری قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانییان بە بۆمبی ناپاڵم بۆمبباران كرد و بەو هۆیەوە چەندین هاووڵاتیی و قوتابیانی زانكۆکە شەهیدو برینداربوون.

بەرەبەیانی رۆژی 24ی نیسانی 1974، رژێمی بەعس بە چوار فڕۆکەی جەنگی، هێرشی کردە سەر شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی کە ئەوکات بەشێکی زانکۆکە لە قەڵادزێ بوو، بۆمبباران کران و بەهۆیەوە 163 هاووڵاتیی شەهیدبوون کە نۆیان قوتابی زانکۆ بوون و نزیکەی 300 هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون، هاوکات بینای زانکۆی سلێمانیی و چەند فەرمانگەیەکی حکومیی و زیاتر لە 200 خانووش زیانیان پێگەیشت.

رژێمی بەعس لە چوارچێوەی پیلانەکانی پاکتاوکردنی گەلی کورد لە ساڵی 1978 تا وەکوو 1979 زۆربەی گوندەكانی بۆ ئۆردووگا زۆرەملێكانی (پێماڵك، بەستەستێن، چوارقوڕنە، تووەسوران) راگواست و سەرجەم گوندەكانی بەمزگەوتەكانیشەوە خاپووركرد.

دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بە سەر هێرشەکەی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق، دانیشتوانی قەڵادزێ لە یادکردنەوەی قوربانیاندا لە 24ی نیسانی 1982، جیاواز لە ساڵان بە خۆپیشاندان ناڕەزاییان دژ بە رژێمی بەعس دەربڕی و ڕاپەڕین و ئەم دروشمەیان دەگوتەوە:

“گولـلە و پەت و سێدارە، ناترسێنێ ئەم شارە ”

“شەهید خوێنی دەڕژێنێ، ئازادی بەدەست دێنێ

“بیست و چواری چوارە، جێی كەڵبەی سەگی هارە ”

“هێزی گەل لەبن نایە، شەهید بوون دكتۆرایە ”

بەڵام جارێکی دیکە هێزەکانی رژێمی بەعس بە گولـلە وەڵامی خۆپیشاندانی هاووڵاتییانیان دایەوە و بەهۆیەوە دوو ئافرەت شەهید بوون و پێنج کەسی دیکەش بریندارکران.

دوای شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران جارێكی دیکە ڕژێمی بەعس لە ژێر ناوی ناوچەی قەدەغەکراو (مناطق المحرمة) شاڵاوی راگواسنتی گوند و ئاواییەکانی کوردستانی جێبەجێ کرد و تەواوی سنووری پشدەری خاپوور كردو دانیشتووانەكەشی بەسەر ئۆردووگا زۆرەملێكانی (خەبات، جدیدە، كەورگۆسك، تۆبزاوا، دارەتوو) لە سنووری شاری هەولێر دابەش كران.

قەڵادزێ لە ساڵی 1893 لەلایەن عوسمانییەكانەوە قەڵادزێ‌ كراوە بە قەزا و ئێستا لە سنووری ئیدارەی راپەڕینە لە پارێزگای سلێمانی و هاوسنوورە لەگەڵ شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

ڕووداوەکانی قەڵادزێ بریتین لە:

– لە ساڵی 1963 حكومەتی عێراق لە سەردەمی (عەبدولسەلام عارف) بۆردوومانی شاری قەڵادزێ كراوە.

– لە ساڵی 1966دا لە سەردەمی حكومەتەكەی (عەبدولڕەحمان عارف) بۆردوومانی قەڵادزێ

– هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی بەعس لە 24/4/1974 بۆ سەر قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی.

– یەكەم شاڵاوی راگواستنی زۆرەملێی رژێمی بەعس لە ساڵی 1977 كە دانیشتووانی گوندەكانی بناری قەندیلی گرتەوە.

– دووەم شاڵاوی راگواستنی زۆرەملێ‌ لە 1978 ڕووخاندنی گوندەكانی گرتەوە خەڵکەکەی بۆ ئۆردووگاكانی (بەستەستێن، تووەسوران، ژاراوە و پێماڵك) راگواست.

– جارێکی دیکە راگواستنەوەی ئۆردووگای بەستەستێن لە ساڵی 1981.

Back to top button