ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە هاوشێوەی مانگی رابردوو، لەگەڵ مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی هەرێمیش بنێردرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە (24ـی نیسانی 2024) بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ بە رێز و شکۆوە یادی پەنجا ساڵەی شەهیدانی بۆمبارانکردنی قەڵادزێ و قوتابییانی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 1974 و گولـلەبارانکردنی خۆپێشاندانێکی ئەو شارە لە ساڵی 1982 دەکەینەوە کە لە سایەی خوێن و قوربانیدانەکانی شەهیدەکانمان ئەو دەستکەوتانەی ئێستا بەدەست هاتوون. سەرۆک وەزیران، دووپاتی کردەوە کە هەمیشە خەبات و قوربانیدانی شەهیدەکانمان لەیادە.
پاشان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کورتەیەکی دەربارەی سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانێکی گرنگ بوو و کاریگەریشی لە سەر پێشخستن و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دەبێت.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، راپۆرتێکی لە بارەی هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو بۆ مووچەی مانگی نیسان کە چەند رۆژێک لەمەوبەر، بە فەرمی لیستی وردبینیکراو و پەسەندکراوی مووچەخۆرانی هەرێم بە زانیاری پێویستەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە، چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی مانگی رابردوو، لەگەڵ مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێردرێت.
پاشان، وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی راپۆرتێکدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ شاندی دانوستانکار ئامادە کرابوو، چەند میکانیزمێکی خستەڕوو بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا بە گوێرەی دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ، ئەمەش وەک دەستپێشخەری حکومەتی هەرێم بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، بەجۆرێک کە بابەتی داهاتەکان، نەبێتە رێگر لەبەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، جەختی کردەوە کە نابێت هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بيانوو بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم؛ هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری راسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدراڵیيەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی بەدەست هاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
لەبارەی بابەتی بەبانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێميش، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە بە گرنگ دەزانێت و حکومەتی هەرێم هیچ کات دژی بە بانکیکردنی (تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبووە و نابێت.. لەمێژە وەک لە کارنامەی کابینەکەدا هاتووە، بە کردارەکی پرۆسەی بەبانکیکردن (تەوتین) لە رێگەی (هەژماری من)ـەوە لە هەرێم دەست پێ کراوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری و برەودان بە چالاکی بانکی و روونی لە چالاکییە داراییەکان و سوودمەندبوونی هاووڵاتیان لە هەموو ئەو ئیمتیازات و ئاسانکارییانەی بانکەکان بۆ هاووڵاتییان دەستەبەری دەکەن بەو جۆرەی لە دونیای پێشکەوتوو پەیڕەو دەکرێت، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە، ئەم بابەتەش شایەنی چارەیە لە رێگەی دۆزینەوەی لێکگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێک لە بەرژەوەندی مووچەخۆر بێت و بە ئاسانی پرۆسەکە تەواو بکرێت لە رێگەی ئەو بانکە باوەڕپێکراوانەی لە ژێر سەرپەرشتی و مۆڵەتی بانکی ناوەندی، سەرقاڵی پرۆسەی تەوتینن لە چوارچێوەی پڕۆژەی تەوتینی هەرێم بە ناوی (هەژماری من) کە گشت مەرج و پێداویستییەکانی بانکی ناوەندییان جێبەجێ کردووە و حکومەتی هەرێم تەنيا رۆڵی ئاسانکاری دەگێڕێت، ئەگینا پڕۆژەکە، بانکە رێپێدراوەکان جێبەجێی دەکەن کە هەندێکیان لە پرۆسەی تەوتینی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بەشدارن.
سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، حکومەتی هەرێم خوازیاری هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە وەک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەری رێکەوتبووین کە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت و داهاتەکەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتی فیدراڵ لە دوای یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش پێویستە لە چوارچێوەی دوا کۆنووسی هاوبەشی هەردوولادا بێت کە لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئیمزا کراوە بەڕەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان.
لە بەرامبەر ئەم پابەندییانەش، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت لە ناویشیاندا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگا و هەرێمەکان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق.
بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی چەند پێشنیارێک سەبارەت بە کارئاسانیی بۆ گەڕاندنەوەی پێشینەکانی بانکە پسپۆڕییەکان لای هاووڵاتییان (پێشینەکانی خانووبەرە، كشتوكاڵی، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، گەشتوگوزار، هاوسەرگیری).
هەروەها پەسەندکردنی چەند پێشنیارێک سەبارەت بە یەکلاكردنەوەی قەرزی بانکە بازرگانییەکان و بابەتی رێژەی سوودی بانکی سەر ئەم قەرزانە و رێکارەکانی وەرگرتنەوەی ئەم قەرزانە بە گوێرەی یاسای چاکسازی.
لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد کە پێداچوونەوەی پێویست بکات لە چوارچێوەی ئەو پێشنیارانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕوو، لەگەڵ پۆڵێنکردنی پێشینەکان، بەجۆرێک کارئاسانی پێویست بکرێت بۆ هاووڵاتیيان کە رەچاوی پاراستنی بەرژەوەندی گەنجینەی گشتی و
رێگەگرتن لە بەهەدەردانی پارەی گشتی بکرێت.
لە بڕگەی سێیەمدا، دارا رەشید، وەزیری پلاندانان رەشنووسی پەیڕەوی (پۆلێنکردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشکردنی لە بەشداربوون لە هەرێمی کوردستان) خستەڕوو.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کرد، کە ئامانج لەم پەیڕەوە، پۆلێنكردنی بەڵێندەرانە لە هەرێم، بەپێی پێوەرە کار پێ کراوەکان لە بواری پسپۆری و توانا و لێهاتوویی تەکنیکی و دارایی و دوورخستنەوەی بەڵێندەری نالێهاتوو كە توانا و كارامەیی نییە بۆ جێبەجێكردنی كارەكان، هەروەها مسۆگەركردنی هێنانەكایەی دادوەری و روونی لە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پڕۆژەکان و بێبەشکردنی ئەو بەڵێندەرانەی کە پابەندییەكانی گرێبەست پێشێل دەکەن لە بەشداری گرێبەستە حكومەتییەكاندا.