وەزارەتی پەروەردە لەبارەی پڕۆژەی “هەژماری من” سەرجەم پەروەردەکان ئاگادار دەکاتەوە

لە نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردە كە ئەمڕۆ 25ی نیسانی 2024، ئاراستەی هەر یەك لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردەی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، سۆران، زاخۆ، راپەڕین و گەرمیان كراوە و واژووی ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە هاتووە، لەگەڵ نووسراوماندا وێنەیەك لە نووسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە كردنەوەی هەژماری بانكی لە رێگەی “هەژماری من”تان بۆ دەنێرین بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی “هەژماری من”.

لە نووسراوەكەدا هاتووە، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری راكێشانی پارەی نەختینە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكرێت، ئێستا پرۆسەی تۆماركردنی فەرمانبەران و سوودمەندان لە پڕۆژەی ئاماژەپێكراو لە سنووری سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەردەوامە.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێتان رادەگەیەنین لە پێناو بەردەوامیدان بە هەنگاوەكان و خێراكردنی پڕۆسەكە پێویستە هاوئاهەنگی و كارئاسانی تەواو بۆ تیمی تایبەت بە پڕۆژەكە بكرێت و گشت فەرمانبەران رێنوێنی بكرێن و پابەند بكرێن بە كردنەوەی هەژماری بانكی لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من.

Back to top button