بەیاننامەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت : دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بە داخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهید بوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە و کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا.

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند:” لە ماوەی ڕابردوو هەوڵی باش دراوە بۆ باشترکردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکرێن، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بە داخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهید بوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە و کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێم هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم هێرشە دووبارانە پێویستە ڕابگیرێن و داوای هەماهەنگی و هاوکاری بەپەلە دەکەن لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوە و ڕادەستی یاسا بکرێن و ڕێگری یەکجاری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە. داواکارین لە خودای گەورە کە جێگای شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش شیفایان بۆ بێت.

Back to top button