ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی سەرۆك بارزانی و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەگان ئاشكرا دەبێت
خواكوڕك
ڕۆژی پێنجشەممە 30ـی 3ـی 2017 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرز سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد و پاش بەخێرهێنانی لە شاری هەولێر لەگەڵیدا كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد كە سەرباری بوونی كێشە و تەحەدیات میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەیان كردووە و ڕێز و پێزانینی خۆیشی بۆ پێشمەرگە نیشاندا كە بە چەك و ئیمكانیاتی كەم پەلاماری تیرۆریستانیان تێكشكاند و جیهان بە سەرسامی و ڕێزەوە سەیری ڕۆڵی پێشمەرگە و گەلی كوردستان دەكات. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە حەواندنەوەی ئاوارەكان كەمترخەم بووە و ڕایشیگەیاند كە هەموو هەوڵێكی دەخاتەگەڕ بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان لە مەسەلەی ئاوارەكاندا. ئاماژەیشی بەوەدا كە ڕێكخراوەكەیان ئامادەیە هەماهەنگی و هاوكاریی تەواوی هەبێت لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان بە تایبەت لە قۆناغی دوای داعش.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندە یاوەرەكەی كرد و ڕایگەیاند كە هاتنیان بۆ كوردستان جێگەی دڵگەرمیی خەڵكی كوردستانە. یارمەتیدانی ئاوارەكانیشی بە ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانی لە قەڵەمدا و ڕایگەیاند لە ژێر هیچ پاساوێك نەدەكرا ئەو ئەركە جێبەجێ نەكەین. لە درێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و تیرۆریستان كرد و ئاماژەی بەوەدا كە جێگەی شانازییە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكاوە. هەروەها سوپاسی هێزی هاوپەیمانان و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان داوە و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا كە هەماهەنگییەكی باش لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا هەیە و سەركەوتنی گەورەی لێكەوتووەتەوە. لەبارەی ئاییندەی هەرێمی كوردستانیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی جیهان ئاگاداری ویست و بڕیاری خەڵكی كوردستان بێت لەبارەی دواڕۆژی خۆی.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای داعش و ئەگەر و پێشهاتەكانی قۆناغی دوای ئازادكردنی شاری موسڵ.
هەڕەشەكانی هزری توندڕۆیی و تیرۆر و هەروەها ئاسەوارە خراپەكانی سیاسەتی تاییفەگەری تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوو.