ڕۆژنامەنووسێکی سلێمانی فەزاحەتێکی گەورەی بەرپرسانی یەکێتی ئاشکرا دەکات

بەشدار بازیانی رۆژنامەنووس لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بابەتێکی تایبەت (دیارنەمان و ونکردنی یەک ملیۆن دۆلار لەمەرزی کێلێ بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت، “بازرگانێک و “کۆمپانیایەکی وەهمی” بڕی یەک ملیۆن دۆلار لە گومرک دەبات و باجەکەش نادات”

هاوکات ئەو رۆژنامەنووسە 22 بەڵگەی لەسەر دزییەکە بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی “بەرپرسی گومرکی هەرێم و گومرکی راپەڕین تێوەگلاون”

بازیانی لەسەرەتای نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، ” بەپێی بیست بەڵگە و دیکۆمێنتی تایبەت کە دەستمان کەوتوون دەیسەلمێنن بەرپرسی گومرکی راپەڕین و بەرپرسی گومرکی هەرێم بە نایاسایی ماوەی دوو ساڵ لێخۆشبوونی گومرکی بۆ کۆمپانیایەکی وەهمی دەکەن کە تەنها لێخۆشبونی چوار مانگی بڕی 300 هەزار دۆلار واتا سی دەفتەر دۆلار بووە.”

رۆژنامەنووسەکە زانیاری ورد و بەڵگەی تەواوی سەبارەت بە دزییەکە ئاشکرا کردووە و نووسیویەتی، “بەپێی دیکۆمێنتەکان کۆمپانیای (وێنام)ی وەهمی، کە کاری هاوردەکردنی بەردی مەڕمەڕ و گرانێتی کەوانتەر و لامستۆنە بۆ بازاڕەکانی کوردستان بۆ قازانج، لەماوەی زیاتر لەساڵێکدا نزیکەی سەد هەزار تۆن بەردی گرانبەهای داخل کردووە و نە باج و نە گومرکیشی نەداوە کە تەنها گومرکەکەی زیاترە لە حەوت سەد هەزار دۆلار.

روونیشی کردووەتەوە، “دوای ئاشکرا بوونی گەندەڵییەکە و پێکهێنانی لیژنەی لێکۆلینەوە دەرکەوت ئەم کارگەیە وەهمیە و ئەو بڕەی کە داخلی هەرێم کراوە بۆ فرۆشتن بووە نەک بەرهەمهینان هەر بۆیە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ بە نووسراوی ژمارە 3889 لە 29ی3 بەخشینەکە رادەگرێت و فەرمان دەکات بە گومرگ کردنی ئەو بەردە بەڵام تەنها دوای 5 رۆژ لە نووسراوی گشتی گومرگ لە بەرواری 3ی4 بەنوسراوی ژمارە 422 بەڕێوەبەرایەتی گومرگی راپەڕین بڕی ماوەی رەسیدەکەی کە بریتیە لە 817 هەشت سەد و حەڤدە تەن بۆ دەگوازرێتەوە بۆ مەرزی حاجی ئۆمەران.”

سەبارەت بە لێخۆشبوونی گومرگییەکە کە بۆ بازرگان (سەعید هادی عارف) خاوەنی کۆمپانیاکە کراوە نووسیویەتی، “دوو ساڵ و نیوە بەردەکان لە کێلێ و باشماخ داخل دەکات بەردەوامە و قەبارەی ليخۆشبوونەکەشی دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار لە کاتێکدا لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە پەڕاوەکانیاندا نووسیویانە ئەو کۆمپانیایە راستی نیە و وەهمیە.”

لە کۆتایی نووسینەکەیدا رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی نووسیویەتی، “بەپێی یاساکانی باجی هەرێم لێخۆشبونی گومرکی تەنها بۆ ئەو کاڵاو شتومەکانە دەکرێت کە کەرەستەی سەرەتایی کۆمپانیا گەورەکانی بواری بەرهەمهێنانن ئەویش لەپێناو کەمکردنەوەی نرخ، بەڵام دوای ئەوەی دەرکەوت کۆمپانیای یۆنام کەرەستەکانی بۆ فرۆشتنەوەی لە بازاڕەکانی کوردستان هاوردە دەکات و لەو رێگایەوە قازانجیکی زۆر دەکات بەڵام لیخۆشبوونە نایاساییەکەی بەردەوامە و پەراوەکەی داخرا.”

Back to top button