سەنگەر كانەبی: بەكارهێنانی سوپای عێراق بۆ ڕێگریكردن لە جووتیارانی كورد، بەرهەمی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرە
بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی رەفتارەكانی ئەم چەند رۆژەی سوپای عێراق لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای كەركووك هۆشداری دەدات و داوای وازهێنانی دەست بەجێ لەم رەفتارانە دەكات.
دوای ئەوەی وەرزی دروێنەی دەغڵودانی جووتیاران ناوچەکانی سنووری کەرکووک دەستی پێکردووە چەند رۆژێكە، جووتیارانی كورد لە ناوچەكانی سنووری قەزاكانی پردێ و دوبز لە پارێزگای كەركووك دروێنەیان دەست پێكردووە، لە چەند گوندێكدا جووتیارانی كورد داوای بەهاناوەچوون دەكەن و دەڵێن عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی سوپای عێراق، رێگرییان لێ دەکەن و ناهێڵن بەروبوومەکانیان دروێنە بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2024، ژمارەیەك جووتیاران رایانگەیاند كە بە ئاشكرا لە لایەن سوپای عێراقەوە، دروێنەكردنیان لێ قەدەغە كراوە.
لەو بارەیەوە سەنگەر كانەبی، بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، جووتیارانی كورد لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی پرۆسەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراوی تەعریبكردن كە بەداخەوە لە تەعریبەكەی سەردەمی رژێمی بەعس توندترە و كار گەیشتۆتە ئەوەی هەموو ساڵێك بەمەبەست لە كاتی پێگەیشتنی دەغڵودان، كێشە بۆ جووتیاران دروست دەكرێت، ”بەداخەوە پێش داگیركەرانی كوردستان، ئەو خیانەتكارانە لەمەدا بەرپرسیارن كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا ئەو ناوچانەیان رادەستی میلیشیاكان و هێزەكانی عێراق كرد.“
روونیشیکردەوە، ”بەپێی دەستووری عێراق، نابێت سوپای عێراق بۆ هیچ جۆرە ململانێیەكی نێوان پێكهاتەكان یان بابەتی یەكلاكردنەوەی كێشەی زەوی بەكار بهێندرێت، بەداخەوە بەكارهێنانی سوپای عێراق لەم كێشانە پێمان دەڵێت كە هێشتا عەقڵیەتی شۆڤێنی و دوژمنایەتیكردنی ئاشكرای گەلی كوردستان لە عێراق لە ترۆپكدایە و هێشتا كورد لە عێراقدا پارێزراو نییە! لە كاتێكدا دەبووایە سوپای عێراق وەك یەك هەموو هاووڵاتییەكی لە عێراق بپاراستایە.“
سەنگەر كانەبی باسی لەوەش كرد كە جووتیارانی كورد خاوەنی راستەقینەی ئەو زەوییانەن و عەرەبی هاوردە جگە لەوەی بە نایاسایی هاتوونەتە ئەو ناوچانە و زەوی كوردانیان لە رابردوودا داگیر كردووە، هەر لەم چەند ساڵەدا زۆر لەو عەرەبە هاوردانە لە چوارچێوەی پرۆسەی ماددەی 140، گەڕێندراونەتەوە ناوچەكانی خۆیان و قەرەبووشیان وەرگرتۆتەوە، كەچی ئێستا جارێكی دیكە هاتوونەتەوە ئەو ناوچانە و دەیانەوێ بە پشتیوانی سوپای عێراق، دەست بەسەر ئەو زەوییانەدا بگرن كە موڵكی كوردانن.
بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی جووتیارانی كوردی دڵنیا كردەوە لەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەو هەوڵانە بێدەنگ نابن و هەرچی لە دەستیان بێت بۆ رێگریكردن لەو رەفتارە شۆڤێنییانەی عەرەبە هاوردەكان و ئیدارەی كەركووك و سوپای عێراق، دەیكەن.