هیوا گەیلانی: پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە، پێشنیاری هەڵبژاردن، پێشنیاری سەرۆک بارزانی بووە
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەڵبژاردن پەیوەندی بە کۆی پڕۆسەی سیاسی کوردستان و خەڵکی کوردستانەوە هەیە و بابەتێکی چارەنووس سازە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی نیسانی 2024، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، بابەتی هەڵبژاردن بابەتێکی گرنگ و چارەنووس سازە، پەیوەندی بە کۆی پڕۆسەی سیاسی کوردستان و خەڵکی کوردستانەوە هەیە.
جەختیشی کردەوە، “پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە، کەس ناتوانێت موزایەدەی ئەوە بکات بەسەر پارتی کە لەگەڵ هەڵبژاردن نەبووە. هەموو خەڵکی کوردستان دەزانێت، پێشنیاری هەڵبژاردن، پێشنیاری سەرۆک بارزانی بووە.
روونیشیکردەوە: “لە رۆژی یەکەمەوە تاکو ئێستا، ئێمە لەگەڵ ئەوەدانەبووین کە هەڵبژاردن دوابخرێت، پێمانوابوو دەبێت لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت، ئێستەش دیارە کێ بەربەست و ئاستەنگی دروست کردووە، ئێستاش داوای دواخستنی هەڵبژاردنمان نەکردووە، تەنیا کۆمەڵێک سەرنج و تێبینیمان هەیە لە رووی یاساییەوە و دەستووریشەوە.
هیوا گەیلانی ئاماژەی بەوەدا، “ئێمە نامانەوێت بچینە هەڵبژاردنێکەوە کە پێشتر ڕێکخرابێت، فەلسەفەی هەڵبژاردن گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەڵکی، ئەگەر گوێ بۆ ڕای خەڵکی نەگیرێت و پێشتر ئەنجامەکانی راگەیاندرابێت، هیچ ئەنجامێکی نابێت، هەر بۆیە پارتی بەشداری هەڵبژاردنێکی لەو شێوە ناکات.
ئاشکراشی کرد، “ئامادەییمان هەیە بچینە ناو هەڵبژاردن، بەڵام هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف کە گوزارشت لە بیروڕای خەڵکی بکات”.
گەیلانی ئەوەشی زیاد کرد، ئەو بڕیارانەی بەناو دادگای فیدراڵی رایگەیاندووە، دەستوەردان و زیادەڕۆی کردنە لە ئەرکەکانی خۆی، بابەتی پێکهاتەکان یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە رێزگرتن لە پێکهاتەکان و ئەو بەیەکەوە ژیانەی کە هەیە، ئاماژەیەکە بۆ رێزگرتن لە بیروڕا و ئاینیان، دادگای فیدراڵی بێبەشی کردوون لە هەڵبژاردن، ئەوە جگە لەوەی چەندان گرفتی دیکە کە بوونی هەیە، پارتی بە روونی و ئاشکرا بە لایەنەکانی گوتووە، دەبێت ئەو هەڵانە راستبکرێنەوە ئەوکاتە ئێمە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەین.