ئالان حەمە سەعید: لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژم بە سەرۆک وەزیرانی عیراق گەیاند بە مەبەستی تەرخانی دارایی
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردۆتەوە و رایگەیاند، ئەمرۆ سێشەممە ٣٠ ی ٤ ی ٢٠٢٤ لە بەغداد ، سەردانی بەڕێز (محمد شیاع السوداني ) سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵم کرد ؛ بە ئامادەبوونی بەڕێزان دکتۆر ابراهیم نامس الجبوري وەزیری پەروەردەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد ، لەسەرچەند پرسێکی گرنگی پەروەردەیی گفتوگۆمان کرد :
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا نوسراوی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژم پێگەیاند سەبارەت بەتەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوە پێویستەکانمان ئەنجامداوە و چاوەڕوانی دەرئەنجام و وەڵامی فەرمی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین .
وەزیری پەروەردە باسی لەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان کردەوە لەپشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە رێککەوتنی عێراق – چین کەهەرێمی کوردستان تا ئێستا پشکی خۆی لە دروستکردنی ئەو قوتابخانانە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرلەنوێ نوسراوێکی دیکەمان پێشکەشکردن بەمەبەستی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی پەروەردەیی نوێ .
لە کۆتایدا وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد، پتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی خوێندنی قوتابخانەکانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان و بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندن تیایاندا، لەوبارەیەوە هاریکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستانمان نیشاندا بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندنی قوتابیانی ئەو قوتابخانانە.