پشتیوان سادق: پێویستە لێکۆڵینەوە لەو لایەنە بکرێت کە نەیهێشت لە رابردوودا هەڵبژاردن بکەین

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت، پارتی هەر یەکەم بووە و هەر بە یەکەمیش دەمێنێتەوە، چونکە بڕوای بە خەڵكی هەرێمی کوردستان هەیە، خەڵکیش بڕوای بە پارتی هەیە، و دەڵێت: “پێویستە لێکۆڵینەوە لەو لایەنە بکرێت کە نەیهێشت لە رابردوودا هەڵبژاردن بکەین.”

د. پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، “پارتی دامەزرێنەر و ئاڵا هەڵگری دیموکراسییەتە لە هەرێمی کوردستان و خاوەنی پرس (قەزیە)ـی کوردستانە. و پارتی لە شاخ و شاریش بڕوای بە هەڵبژاردن و دیموکراسی هەبووە.”

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی روونیشکردەوە، لایەنێک هەوڵی دا لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە و بەشێوەیەکی نادەستووری، دیزاینێک دروست بکات ئاکامی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بگۆڕێت. بۆیە پارتی و هیچ هێزێکی دیکەی دیموکراتخواز، ئامادە نییە ئەوە قبووڵ بکات و بڕیاری نادەستووری بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بسەپێندرێت.
جەختیشی کردەوە، مێژوو سەلماندوویەتی پارتی چۆن توانیویەتی بەرگری لە مافە دەستووری، یاسایی و دیموکراسییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.

د. پشتیوان پرسیار دەکات و دەڵێت، ئایا کێ بوو رێگەی نەدا هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێ؟ ئایا لە بەردەمی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە بەردەمی هەموو حیزبەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم ئەوە کێ بوو دەیگوت ئەگەر هەڵبژاردن دەکەن، بیکەن من ناهێڵم سندووق لەو دیوی دێگەڵەوە دابندرێ؟

پەو سەرکردەیەی پارتی بەردەوام بوو لە قسە کردن و گوتی: “لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 پەرلەمانی عێراق کە پاکترین هەڵبژاردن بوو بە پێی هەڵسەنگاندنی هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمسیۆنی عێراقیش هەڵبژاردنەکەی کرد، ئه‌و كات پارتی بە تەنیا 33 کورسی هێنا، هەموو حیزبەکانی تریش پێکەوە سی یان سی و یەک کورسییان هێنا، هەر پێنج کورسی کۆتا، غەیرە پارتی بردی، بەبێ کۆتا پارتی سی و سێ و حیزبەکانی تر سی و یەک یان سی کورسییان هێنا.”

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دووبارە دەپرسێت، “باشە بۆ ئەوەتان پێ حەڵالە؟ بەڵام بۆ حیزب و پێكهاته‌ی کوردستانتان پێ حەرامە کورسییان هەبێ لە پەرلەمانی کوردستان؟ ئایا لە بیرتان چوو یەکێک لە جوانییەکانی کوردستان ئەو پێکەوەژیانەیە، کە ته‌نانه‌ت هاوپەیمانی نێودەوڵەتییش بەرگرییان لە کوردستان کرد؟.”

“پارتی ناتوانێت بەبێ پێکهاتەکان بەشداری هەڵبژاردن بکا، لە بەر ئەوەی ئەوانە لە مێژوو و شارستانییەتی کوردستان بەشدار بوونە.” پشتیوان سادق وای گووت.

Back to top button