بەهمەن کاک عەبدوڵڵا : سێ مانگە بەخۆتان و تاران و بەغدا و دادگا و کۆمسیۆنەوە ئیستفزازی پارتی دەکەن، پارتیش بەیەك بەیاننامە گوتی هەڵبژاردن ناکرێت
پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردن ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەڵامی یەکێتی و هاوئاوازەکانی دەداتەوە و دەڵێ :” سێ مانگە بەخۆتان و تاران و بەغدا و دادگا و کۆمسیۆنەوە ئیستفزازی پارتی دەکەن، پارتیش بەیەك بەیاننامە گوتی هەڵبژاردن ناکرێت، دەشڵێ:” پارتی گوتی نەمیشێ ، هەر هەموتان گوتتان دەمیشێ
بەهمەن کاک عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێکدا لەلاپەڕەی فەرمی خۆی نووسیوویەتی :” سێ مانگە بەخۆتان و تاران و بەغدا و دادگا و کۆمسیۆنەوە ئیستفزازی پارتی دەکەن، پارتیش بەیەك بەیاننامە گوتی هەڵبژاردن ناکرێت، پارتی گوتی نەمیشێ ، هەر هەمووتان گوتتان دەمیشێ .
دەشڵێ:” نەسیحەتێكی کوردانە و برایانە بۆ هەموو حیزبەکان، ئەگەر زۆر دور نەڕۆینە قوڵایی مێژوو ، تەنها لە دوای راپەڕینەوە دەست پێبکەین ، هەر هەموو حزبەکان لە پێش هەمویان یەکێتی ، تو پیرۆزیەکانتان چ ڕێگەیەك ماوە دژی پارتی تاقی نەکەنەوە ، ئادەی پێم بڵێن چ سودێکتان بینی .
بەهمەن عەبدوڵڵا هەروەها نووسیوویەتی :” شەڕی ناوخۆ شەڕە جنیۆی راگەیاندن پەنابردن بۆ هێزی دەرەکی ، موئامەرەی پەرلەمان و یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم ، خۆپیشاندان و راپەڕین و هەڵپەڕین ، بارەگای پارتی سوتاندن ، بڕینی مووچەو بودجەی خەڵکی کوردستان ، راکێشانی دەستی بەغداد ، راکێشانی دەستی ئێران و شکست هێنان بە ئەنجامەکانی ریفراندۆم ، تەسلیم کردنی ٥۱٪ ی خاکی کوردستان ، راکردنی هەمووتان بۆ بەغداد بۆ پاکانەکردن لەو کاتەی حەشد بەرەو هەولێر و دهۆک هێرشی دەکرد ، ۳۲ ساڵ راکردن لەبەرپرسیارێتی لەکاتی قەیران و خۆ بەشەریککردنی دەستکەوتەکان ، پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی بۆ لاوازکردنی هەرێم و پیاهەڵدانی دادگای فیدراڵی و تەنانەت پێدانی مژدەی بەهەشت بەسەرۆکی دادگا ، ئامادەکاریتان بۆ هەڵبژاردن بەبێ پارتی …. چەندان شتی تر سوێنتان دەدەم چ سودێکتان بۆ خۆتان و خەڵکی کوردستان بەدەستهێنا جگە لەزەرەر ، ئەرێ ئێوە حیزبن هەمووتان سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی و هەندێکتان ئەنجومەنی شوراشتان هەیە هیچ کات ئەو پرسیارەتان لەخۆتان کردووە ئەنجام چیتان بەدەستهێناوە ، خۆتان بچووک کردەوە و پارتی هەر بەگەورەترین مایەوە .
هەروەها دەشپرسێت:” ئەی هیچکات بیرتان کردوەتەوە ئەو چەند ساڵەی کە رێککەوتنی ستراتیژی و هاوپەیمانی کوردستانی هەبوو چەند دەستکەوتی گەورە بۆ کوردستان و چەند پۆست و دەستکەوتی حیزبیتان بۆخۆتان و حیزبەکانتان بەدەستهێنا ، بەوێژدانتان پارتی بەنۆ کورسی و دوازدە کورسی سەرۆكکۆمار و سەرۆکی حکومەتی هەرێم دووساڵ و سەرۆکی پەرلەمانی بەیەکێتی نەدا ؟ بەیەک تەلەفۆنی کاك نەوشیروان پارتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و گرنگترین وەزیری بەگۆڕان نەدا ؟ پارتی گرنگترین وەزیری بەیەکگرتووی ئیسلامی نەدا ، کۆمەڵی ئیسلامی وەزیری نەبوو لەبەغداد و لەهەرێم ، کورد دەستوور و چەندین دەستکەوتی گەورەی بەدەست نەهێنا ؟.
زیاتر دەڵێ:” هیچ کات سەرکردایەتی و ئەنجومەنی شوراو راوێژکارەکانتان یان تەجروبەی رابردووی سەرکردەکانتان لەگەڵ پارتی پێی نەگوتوون ئەوەی بەقسەی خۆش و بەنەرم و نیانی دەتوانن لەپارتی وەربگرن بە عینادی و موئامەرە بەدەستی ناهێنن ؟.
هەمووتان سێ مانگە بەخۆتان و تاران و بەغدا و دادگا و کۆمسیۆنەوە بەجۆرەها شێوە ئیستفزازی پارتی دەکەن و پیلان دادەڕێژن و دەڵێن هەڵبژاردن دەکەین بەبێ پارتی و کۆتایی سەردەمی پارتی هات و نازانم چی و چی دەکەین ، پارتیش بەیەك بەیاننامەی نەرم و لەسەرخۆ گوتی هەڵبژاردن ناکرێت .
یەك چاوپێکەوتنی ۱۷ دەقیقەیی سەرۆک و دوو مانۆڕی دوو باڵەکەی هەڵۆکە لەئەمریکا و بەغداد دیسانەوە وەک رابردوو هەموو ریسەکەی لێکردنەوە بەخوری وڕەنجەڕۆی کردن و بایدن و سوودانی و سەرکردەکانی عێراقیش هەمان قسەی سەرۆک دووبارە بکەنەوە .
لە کۆتایی نووسینەکەی بە یەکێتی و حیزبەکانی تر دەڵێ:” ئیتر بەسە تکایە ئەو میللەتە شایەنی ئەو هەموو خراپە و ناڕەحەتیە نیە ئەو میللەتە زور ماندوو بوو کاتی ئەوەیە بحەسێتەوە و دور بێت لەململانێی بێ سود و موزایدەی پڕو پوچ و شەڕە جنێو ، لەجیاتی ئەو تەنازولاتەی هەموتان بۆ بەغدا و دادگا کردوتانە وبۆ خەلکی ترتان کردووە بەئامانجی لاوازکردنی پارتی ، وەرن دەستی برایەتی و هاوکاری راکێشن بۆ پارتی دڵنیابن ئەوەی لای پارتی دەستتان دەکەوێت لەهیچ جێیەک دەستتان ناکەوێت ، با ئەو میللەتەش تۆزێك بحەسێتەوە .