بافڵ تاڵەبانی لە ترسی شکستی یەکێتی دوو ساڵ هەڵبژاردنی دواخستووە

بافڵ تاڵەبانی دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دواخستووە لە ترسی شکستی یەکێتی، لەم ماوەیەدا بەهۆی ڕێواز فایەقەوە ڕێگایان نەدا پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکات، دوای ئەوەش بە پشتیوانی و پیلانی ئێران، سەرۆکی کۆمسیۆنیان گۆڕی بە کەسێکی یەکێتی و بە فشاری چەند لایەنێکی عێراقیش دادگای بەناو فیدرالی، بە نایاسیی و نادەستووری، شێواز و یاسا و ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی گۆڕی بۆ ئەوەی یەکێتی و کوڕانی تاڵەبانی لە شکست رزگار بکەن.

ئێستاش بەو گاڵتەجاڕییەی دەستیان پێ کردووە، خۆیان وا دەردەخەن کە نایانەوێ هەڵبژاردن دوا بخرێت و ماوە بە ماوە کۆیلەکانیان رستەیەک قسەی بێ بنەما ریز دەکەن و پێیان وایە خەڵک بڕوایان پێ دەکات.

خەڵکی کوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یاسازانان و لایەنە سیاسییەکانی رەسەنی کوردستان ڕێگە بەم گاڵتەجاڕییەی بافڵ و هاوڕێکانی نادەن یاری بە چارەنووسی کوردستان بکەن کە رۆژێک خەباتیان بۆ ئەم دەستکەوتانە نەکردووە و هەرچی خەباتکەری ناو حزبەکەشیانە دووریان خستوونەتەوە!

با بافڵ دڵنیا بێت، بەڵێنی ئاغاکانی بۆ هەڵبژاردنی دیزاینکراو بە دەستکاریکردنی ئامێرەکان و مسۆگەرکردنی کورسی زیاد بۆ یەکێتی و ئەو یارییە قێزەوەنانەی لەگەڵ برادەرانی خۆی دژی هەرێمی کوردستان دەیکات، دادی نادات.

هەڵبژاردن پێویستە بە شێوەیەکی دروست بکرێت. بە پێداگیریی لایەنە نیشتمانپەروەرەکان و زۆرینەی خەڵكی کوردستان و رووبەرووبوونەوەی نادادپەروەری و بەرگریکردن لە یاسا و مافی هەموو پێکهاتەکان هەوڵی هەڵبژاردنێک دەدرێت کە بەهەر جۆرێک بێت پێکهاتەکان بەشداریی بکەن و ڕێگری لە فێڵ و بەرنامەی پێشوەخت و ئامادەکراوی گرووپی تاڵەبانی بکات.

چاو سوورکردنەوە و پارە بەخشین و کێشە نانەوە و بەڵێنی بێ بنەمای هاوپەیمانی بە هەندێک لایەن و فێڵکردن و سکاڵاکردن و برسیکردنی خەڵک و بێبەش کردنی منداڵان لە خوێندن و بردنی سامانی خەڵکی سلێمانی بۆ دەرەوە و چەواشەکردن، چیتر سوودی نییە و مانگی هەنگوینیی بافڵ بەرەو كۆتایی دەڕوات و شکستی کوڕەکانی تاڵەبانی حەتمییە.

Back to top button