پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ هاوسەرۆکانى شارەوانى دیاربەکر كۆبووەوە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرانى گشتیى گەشت و گوزار و کشتوکاڵ و شاندى یاوەرى، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شارى دیار بەکر، سەردانی سەرۆکایەتى شارەوانى دیاربەکرى کرد و لەلایەن خاتوو سەرا بوجاق و دۆغان خاتوون، هاوسەرۆکانی شارەوانی دیاربەکر و ئەندامانى دیکەى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى شارەوانى شارەکە پێشوازى لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا، پارێزگارى هەولێر، پیرۆزبایی لە بەڕێزان خاتوو سەرا بوجاق و دۆغان خاتوون، هاوسەرۆکانی شارەوانی دیاربەکر و هاوسەرۆكانی دیكەی شارەوانیەکانى دیکەى شارەكان کرد بە بۆنەى سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکانى ئەم دواییەی شارەوانیەكان كە ویست و خواستی ڕاستەقینەی خەڵكی توركیاى نیشان دا و هیوای سەرکەوتنى لە ئەرك و كارەكانیان بۆ خواستن.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، هیواى خواست ئامەد کە بەردەوام لە گەشەسەندندایە، لە دواى دەستبەکاربوونى هاوسەرۆکانى هەڵبژێردراو گەشەى زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، گوتى: “ئامەد هەولێرە و هەولێریش ئامادە، دەخوازین هەمیشە کوردستان لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون دابێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و بازرگانى و دبلۆماسیەکان و گەشت و گوزارییەکان کە دەبنە هۆکارى زیاتر بەرەوپێشبردنى برایەتى و تەبایی نێوانمان پەرەى زیاترى پێبدرێت. پاشان بە فەرمى هەردوو بەڕێزانى بانگێشتکرد بۆ سەردانیکردنى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و لەلایەن هاوسەرۆکانەوە بە خۆشحاڵییەوە بانگێشتکردنەکەى قەبوڵکرا.

پارێزگارى هەولێر، هەروەها دووپاتی كردەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان پشتیوانى لە هەنگاوەکانى دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى ئاشتى دەکاتن کە سەرۆك مەسعود بارزانی ئەندازیاری بەڕێوەچوون و سەرکەوتنى ئەو پرسە بووە و ئێستاش خواستى ئێمە دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى ئاشتیە تاکو چیتر خەڵکى ئێمە لێرە زەحمەت نەبینێ.

لەلایەن خۆیانەوە، هاوسەرۆکانى شارەوانى دیاربەکر خۆشحاڵى خۆیان بەسەردانى پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى نیشاندا و تەئکیدیان لە سەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان کردەووە و ئامادەیی هەموو هەماهەنگیەکیان لەگەڵ پارێزگاى هەولێر نیشاندا.

لە کۆتاییشدا لەلایەن پارێزگارى هەولێر، دیارى پارێزگا، پێشکەش بە هاوسەرۆکانى شارەوانى دیاربەکر کرا و لەلایەن هاوسەرۆکانى شارەوانى دیاربەکریش دیارى سەرۆکایەتى شارەوانى دیار بەکر پێشکەش بە پارێزگارى هەولێر کرا.

Back to top button