سه‌رۆكی حکومەت پێشوازی لە شاندێكى ئەنجومەنی پیرانی ئه‌مريكا دەکات

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 4ی ئایاری 2024، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا كرد كه‌ له‌ سێناتۆر تێد بە‌د و سێناتۆر جۆنى ئێرنتس پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا کە ئەلینا رۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و مارک سترۆ کونسولی گشتی لە هەرێم ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی برەودان بە پەیوەندی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و گرنگی پاراستنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.

شاندی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، پشتگیری وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکای کرد، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی پێشمەرگەدا. جەختیشی لە گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان و هەروەها رێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان کردەوە.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە، بە بەشداری هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرایەوە.

Back to top button