گوتەبێژی پارتی بونیادی دیموکراتی کوردستان: بافڵ تاڵەبانی بۆ تێکدانی رێککەوتنەکان سەردانی بەغدای کردووە

گوتەبێژی پارتی بونیادی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، بە مەبەستی تێكدانی رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ سەبارەت بە مووچە، چووەتە بەغدا.

سامی سوورچی، گوتەبێژی فەرمی پارتی بونیادی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لەم دواییانە جۆرێك لە ئومێد لای خەڵك دروست بووە كە رێككەوتن لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی بكرێت، بەڵام ”هەر كاتێك ئاسۆی په‌یوه‌ندی هه‌ولێر و به‌غدا باش ده‌بێت، یه‌كسه‌ر گرووپێك ده‌چن بۆ ئەوەی تێكی بدەن. ئێستاش كە لێكگه‌یشتنی باش له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌، به‌ڵام گرووپێك هەیە كە نایه‌وێت ئه‌مه‌ به‌رده‌وام بێت و هه‌ر رۆژه‌و بیانوویه‌ك ده‌هێنێته‌وه‌ و به ‌ناونیشانێك خه‌ڵك ده‌نێرن بۆ به‌غدا بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كه‌.“

روونیشی كردەوە: ”سەردانەكانی گرووپی بەناو مامۆستایانی ناڕازی و سەرانی نەوەی نوێ و ئیسلامییەكان بۆ لای فاشییەكان لە بەغدا و سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی، هەموویان یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش هانی بەغدا بدەن تا پاساوی تازە بدۆزێتەوە و رێگە لە رێككەوتن و لێك نزیكبوونەوە بگرن.“

هەروەها گوتیشی: ” ئەگەر بۆ تێکدانی رێککەوتنەکان نەبێت بافڵ تاڵەبانی بۆچی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ سوودانی و بەرپرسانی تری عێراق كۆ دەبێتەوە؟“

سامی سوورچی پێیوایە، یەكێتی و بەشێك لە حزبەكانی سلێمانی پێیانوایە تا دۆخی گوزەرانی خەڵكی كوردستان خراپ بێت، ئەوان زیاتر قازانج دەكەن و پاساوی زۆرتریان بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵك بەدەستەوە دەبێت، بۆیە حەز ناكەن هیچ رێككەوتنێك لەنێوان هەولێر و بەغدا بكرێت، چونكە لەوە دەترسن لە ئەنجامی ئەو رێككەوتنانە دۆخی خەڵك باش بێت و ئیتر كەس باوەڕیان پێ نەكات.

Back to top button