سەرۆکی حکومەت شوێنی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر بەسەردەکاتەوە

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 5/6 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردووی بەسەرکردەوە.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی کرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتیشی راسپارد کە لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە رێنماییەکان یان دەستێکی خراپکاری لە پشتە.

سەرۆکی حکومەت هەروەها داواشی لە دوکانداران و کاسبکار و هاووڵاتییان بەگشتیی کرد کە رێکارەکانی سەلامەتی جێبەچی بکەن بۆ ئەوەی چیتر ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە دووبارە نەبنەوە.

گوتیشی بەپێی توانا، هاوکاری هەموو زیانلێکەوتووانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەکەین و یارمەتییان دەدەین.

روونیشیکردەوە کە ئەم بازاڕە ، شوێنەوارێکی مێژووییە و هەوڵ دەدەین بە راوێژ و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان نۆژەنی بکەینەوە.

Back to top button