سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق دەكات

رۆژی سێشەممە 7ی ئایاری 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز پێدرۆ مارتینیز ئەڤیال باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق ئەوەی بە سەرۆك بارزانی راگەیاند كە ئاگاداری مێژوو  و خەبات و ئەو نەهامەتیانەیە كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و پێزانینی بۆ رۆحی خۆڕاگری گەلی كوردستان هەبوو و گەشە و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاند و وەك نموونەیەك بۆ بەشەكانی تری عێراقی وەسف كرد.

بارودۆخی سیاسی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە خەبات و قوربانیدانی بێهەژماری گەلی كوردستان بۆ بەدیهاتنی مافەكان و سەقامگیری بۆ هەموو عێراق جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك وانە لە مێژوو و هەڵەكان وەربگرن و گەڕانەوە بۆ دەستوور و گرتنەبەری گفتوگۆ و لەیەكتێگەشتنی بە باشترین رێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەدیهاتنی سەقامگیری و گەشە بۆ عێراق لە قەڵەم دا.

بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیسپانیا تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

Back to top button