داوا دەکرێت بەرپرسانی ئەمریکان پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی نەکەن
برای یەکێک لە تیرۆرکراوەکانی دەستی بافڵ تاڵەبانی و دارودەستەکەی، داوا دەکات بەرپرسانی ئەمریکا پێشوازی لە بکوژی براکەی نەکەن.
محەمەد جاف، برای هاوكار جاف (كە لە لایەن دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی ئۆتۆمبێلەكەی بە ماڵ و منداڵەوە لێ تەقێندرایەوە) راگەیاند: ”داوا لە ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکەین، پێشوازی لە بکوژی هاوکار جاف نەکەن، هەرچەندە ئەوەندەی بینیویشمانە كە هیچ پێشوازییەكی فەرمی لێ نەکرا، چونکە بافڵ تاڵەبانی دەستی بە خوێنی براکەی ئێمە سوورە، براكەم ئەفسەرێکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بوو كە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دژی داعش کاری دەکرد، ئەگەر وەک رێزێکیش بێت لە شەهید هاوکار جاف، با پێشوازی لە تۆمەتبارێكی تیرۆر نەکەن.“
ئاماژەی بەوەشدا: ”بافڵ تاڵەبانی بۆ ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانیان لە ئیمارات کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بلۆک كراوە، دەچێتە ئەو وڵاتە. ئەوەندەی زانیومە، ئەو رەگەزنامەی بەریتانیای هەیە، بە دڵنیاییەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت كە ئەو پارەیەی لە كوێ دەست کەوتووە؟
ئەو برایەی هاوکار جاف جەختی كردەوە: ”ئەمریكا باش دەزانن بافڵ تاڵەبانی لە تیرۆركردنی (هاوكار جاف، موراد كانی كوردەیی، ئاکام عومەر، کاروان عەلی شامار، نیاز دەرگەڵی و زۆر كەسی دیكە) تێو گلاوە، دەبێت دادگایی بكرێت، بۆیە هیچ حیسابێكی فەرمی بۆ ناكرێت، مەگەر لابەلا بە زەبری پارە كەسێك بدۆزێتەوە و چەند خولەكێك گفتوگۆی لەگەڵ بكات، ئەویش باوەڕ ناكەم هیچ دەسەڵاتدارێكی بەهێز لە ئەمریكا ئامادەبێت ئەمە بكات.“