بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیران پرسی مووچە و هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست تاوتوێ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی ئایاری 2024، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی،، كۆدەبێتەوە و سێ بڕگە لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێ دەكات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کارنامەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند :” بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەكان لەنێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی فیدراڵی و ئەنجامی دواكۆبوونەوەی شاندی تەكنیكیی هەردوولا لە ڕێكەوتی 27 ی نیسانی 2024 لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەكان و بەبانكیكردنی مووچەی هەرێمی کوردستان.
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تاووتوێكردنی بابەتی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت”.
ئاماژەی بەوەش کراوە، بڕگەی سێیەم خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەبێت سەبارەت بە سەردانی شاندنی وەزارتەكەیان بۆ بەغدا، تایبەت بە بابەتەكانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران و بەگەڕخستنی پرۆژەكانی بەنداو و ئاودێری لە هەرێم و سوودوەرگرتنی جوتیاران لە دەرفەتەكانی خزمەتگوزارییە كشتوكاڵییەكان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.