سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆ بووەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا رۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئامادەی بوو، برەودان بە پەیوەندی دوولایەنە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادي ئایینی و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال تاوتوێ کرا.
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشان دا و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی 360 پلەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و کارکردن لەپێناو برەودان بە بەها هاوبەشەکانی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازاديی بیر و را و راگەیاندن و ئازادي کارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریکاری بەردەوامی ئەمریکای کرد و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پاراستنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دووپات کردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کات و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، جەخت کردنەوە بوو لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە نایاساییەکان و زەوینە خۆشکردن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.