وەزارەتی شارەوانی: هەنگاوەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکرد

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە 9ی ئایاری 2024، بە سەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە بەشداری راوێژكاران، بەڕێوەبەرانی گشتی نەخشەدانانی ئاوەدانی، یاسا لە وەزارەت، بەڕێوەبەرانی گشتی شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان، كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجومەنی وەزارەتی شارەوانی، بەمەبەستی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەکانی بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەڕێوەچوو.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، داوای کردووە تاوەکو هەفتەی داهاتوو دەبێت سەرجەم شارەوانییەكان راپۆرتێكی تێروتەسەل ئامادە بكەن و تیایدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی لەسەر نەخشەدا دیاری بكرێت.”

وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر زەوی لە سنووری ماستەرپلاندا بەردەست نەبوو، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند ببن، پێویستە ماستەرپلانی شارەوانییەکان فراوان بکەن و زەوی دابین بکەن.”

Back to top button