ئاسایشی هەولێر : دوو تۆمەتباری بکوژی گەنجەکەی شەقامی 100 مەتری نزیک زانکۆی جیهانی دەستگیر کران

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا دەستگیر کردنی دوو تۆمەتباری بکوژی گەنجەکەی شەقامی 100 مەتری نزیک زانکۆی جیهانیی راگەیاند.

لە راگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هاتووە: “لە 7/5/2024، لە شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر نزیک زانکۆی جیهان، هاووڵاتی (کارزان کەریم مەغدید) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەلایەن سێ کەسەوە کوژرا.”

هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە: “دوای ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبارەکان هەڵاتبوون بۆ دەرەوەی شاری هەولێر و خۆیان حەشاردابوو، لە ئەنجامی بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمانەوە ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەکان دەستنیشانکران کە هەڵاتبوون بۆ سنووری بناری چیای قەرەچوغ.”

ئەوەش خراوەتەروو: “دواتر بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر توانیمان هەردوو تۆمەتباری سەرەکی بەناوەکانی (م، ط، م) و (ه، ط، م) دەستگیر بکەین و دەستیشمانگرت بەسەر ئەو ئۆتۆمۆبێلەی کە لە دوای تاوانەکە پێی هەڵاتبوون، هەروەها بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سێیەم.”

Back to top button