د. شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: له‌مڕۆوه‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ خێمه‌كانیان هه‌ڵده‌گرن و جووتیارانی كورد ده‌ست به‌ دروێنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان بكه‌ن

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سه‌رجه‌م جووتیارانی گوندی په‌ڵكانه‌ و سنووری كه‌ركووك ئاگا‌دار ده‌كاته‌وه‌ کە دروێنەی بەرهەمەکانیان بکەن و له‌مڕۆوه‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ خێمه‌كانیان هه‌ڵده‌گرن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11/5/2024، د. شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایگه‌یاند: “دوای رێگرییەکانی ئەم دواییەی سووپای عێراق لە جووتیارانی کورد بۆ دروێنەوەی بەرهەمەکانیان لە ئەنجامی سکاڵای عەرەبی هاوردە، لەگەڵ سەرۆک وەزیران و فەرماندەی ئۆپەراسیونەکان لەبەغدا قسەمان کرد و لە رۆژی چوارشەممەوە فەرمان بە ئۆپەراسیونەکانی کەرکووک کرا، رێگرییەکان هەڵگرن و جووتیاران درووینەوەی بەرهەماکانیان دەست پێ بکەن، بەڵام بە داخەوە بەهەر هۆکارێک بێت ئەو نووسراوە نەگەیشتبووە کەرکووک، بۆیه‌ ئەمڕۆ جاریکی تر لەرێگای بەغداوە نووسراوەکەمان گەیاندە کەرکووک و فەرماندەی ئۆپەراسیونەکانی کەرکووک نووسراوەکەیان وەرگرت و لە ئەمڕۆوە دەست بە هەڵگرتنی خێمەکان دەکەن و جووتیارەکان دەست بە دوورینەوەی بەرهەمەکانیان دەکەن”.

د. شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، روونیشی کرەوە: “بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، رۆژی پێنجشەممه‌ی رابردوو، پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و پشت بەخودا لە یەکەم دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەو کێشانە بە شێوەی یەکجاری کۆتاییان پێ بێت”.

Back to top button