هاوڕێیەكی كۆنی بافڵ تاڵەبانی پەیامێكی هەڕەشەئامێزی ئاراسته‌ دەكات

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان كەسێك كە خۆی بە هاوڕێی بافڵ تاڵەبانی دەناسێنێت، تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاو دەكاتەوە و تیایدا دوو بەرپرسی باڵای یەكێتی بە غەدركردن لە بنەماڵەكەی تۆمەتبار دەكات و هەڕەشەی ئەوە دەكات كە ئەگەر ئەو دوو بەرپرسە رانەگیرێن لەو كارانەی دەیكەن، ئەوا هێزیان بەرامبەر بەكار دەهێنن.

ئەو كەسەیتۆمارە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکردووەتەوە ناوی (مەسعود)ـە و باس لەوە دەكات كە ئەو، كاتی خۆی رەزامەندی بۆ دوو هەزار دەمانچە بۆ هێزی دژەتیرۆری یەكێتی وەرگرتووە و یەكەم جاریش لەگەڵ كەسێك بە ناوی شێرزاد موەفەری سەردانی بافڵ تاڵەبانی كردووە و لە نزیكەوە ناسیویەتی و دواتریش بە بافڵ دەڵێت: ”ئێمە هاوڕێین و تۆ باش دەمناسیت.“

ئەو هاوڕێیەی بافڵ دەڵێت، ”ئاسۆ ئەڵمانی و كاكەمەند، غەدرێكی زۆر زۆر گەورەیان لە بنەماڵەكەی من و لەنێو بنەماڵەكەشم لە محەمەدی برام كردووە. پارەیەكی زۆری ئەو كوڕەیان خواردووە، دونیایەك عەرزیان لە گورگەچاڵ و سێكانیان پێی فرۆشت و دوایی خواردیان. مەزرەعە و بەنزینخانەیان پێی كرد و لە قەرەبەگ عەرزیان پێی فرۆشت. تكام وایە پێش ئەوەی ئێمە دەست بە جەنگ بكەین و دەست بۆ شتە ناشرینەكانی یەكتر ببەین، بۆ رای گشتی دووپاتی دەكەمەوە، ئەمانە رانەگریت لە شوێن خۆیان، هەڵوێستی توندمان دەبێت.“

ئەو مەسعود ناوە ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەو كاكەمەندەی غەدری لە براكەی كردووە، ”هێندە نەفسنزمە، لەگەڵ كەسێك كە بە (مەهە ریشۆڵە) ناسراو بووە، لەبەر ئەوەی مەهە داوای قەرزی لە كاكەمەند كردبوو، لە چەرخوفەلەكێك لەگەڵیدا ببووە شەریك! كە نەفەری بە هەزار دینار سواری چەرخوفەلەكەكە دەبوون.“

هەروەها راشكاوانە بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: ”من سازش بۆ هیچ كەسێك ناكەم، چوار وەكالەی ئەمنیی موهیم هەیە كە دوانیان منیان تێدایە. تۆ خۆت برادەرم بوویت. من لە سەرچاوەی هێزەوە قسەت لەگەڵ دەكەم. ئەم بابەتە چارەسەر نەبێت دەست بۆ هەموو بەهاكانی یەكێتی دەبەین. ئەمانە غەدرێكی گەورە دەكەن عەرز و ماڵی خەڵكیان داگیر كردووە و دەست بۆ پیرۆزییەكانی شەهیدانی یەكێتی و شەرەفی خەڵك دەبن. ئەمانە ویژدانیان نییە. دەبێ لێكۆڵینەوە دەست پێ بكات لەسەر ئەمانە.“

لە كۆتاییشدا جەخت دەكاتەوە: ”من خۆم ئامادەم بێم و بسەلمێنم كە ئەمانە گەندەڵن و مافی خەڵكیان خواردووە، بە هەموو هێزمان بەرەنگاریان دەبینەوە و هیچ هێزێك نییە بەرامبەرمان بوەستێت، نامانەوێ ئەو چەك و هێزەی هەمانە دژی نەتەوەكەمان بەكاری بهێنین، تكایە گوێمان لێ بگرە و ئەمانە لە شوێنی خۆیان رابگرە.“

شایەنی باسە، تا ئێستا نە ئەو دوو بەرپرسەی كە ئەو هاووڵاتیە بە (تاوانی جیاواز) تۆمەتباریان دەكات و نە خودی باڵ تاڵەبانی و نە نووسینگەكەی یان میدیاكانی، هیچ وەڵام و روونكردنەوەیەكیان بۆ ئەو (تۆمەتانە) نیە.

Back to top button