بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی ئەنجومەنی باڵای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکان کۆبووەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکات

ئەمرۆ یەکشەممە 5/12، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەی کرد، لە دوای ئەوەی یاسای ئەنجومەنەکە و پەیڕەوی ناوخۆی کەوتە بواری جێبەجێکردن.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی ئامانجەکانی ئەنجومەنەكه‌ کرا، کە بریتین لە کارکردن لە پێناوی پاراستنی کوالیتيی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی برەودان بە کولتووری هەڵسەنگاندن بە ڕەچاوکردنی میکانیزم و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە دوای گونجاندنی لەگەڵ بارودۆخی هەرێم بە جۆرێک کە شیاوی جێبەجێکردن بن بە ئاراستەی بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەیی و زانستیی دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی خوێندن.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، ئامانج و هەنگاو و ستاندارد و پلانەکانی دەستەی متمانەبەخشین بە پرۆگرام و ناوەندەکانی خوێندن خرایە ڕوو لەبەر ڕۆشنایی پەیڕەوی پەسەندکراوی ئەنجومەنەکە.

دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی باڵا بڕیاری دا بە پێکهێنانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و دەستنیشانکردنی ئەندامەکانی دەستەکە، پاشان ئەمینداری گشتیی دەستەکە دەستنیشان کرا و پلان و ستراتیژ و سیاسەتی کاری دەستەکە پەسەند کرا، کە بڕیارە لە دەستپێکی کارەکانی دەستەکە چەند زانکۆ و قوتابخانە و ناوەندێکی خوێندنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی، وەک پرۆژەی تاقیکاری بخرێتە بەردەم پرۆسەی متمانەبەخشین و جێبەجێکردنی ئامرازەکانی پێداچوونەوە بەگوێرەی پێوەرەکان، بۆ دەستەبەری نایابی ئەکادیمی و پەروەردەیی بە پاڵپشتیی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

Back to top button