رێكارێكی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایان دەستی پێكرد
سەرجەم شارەوانییەکانی سنووری سلێمانی، بە ناردنی فۆڕمێك لەبارەی پرسی دابەشكردنی زەوی ئاگادار دەكرێنەوە و جەخت لە ناردنی ناوی فەرمانبەران و مامۆستایانیش دەكرێتەوە.
بەپێی راگەیاندراوێكی شارەوانی سلێمانی، لەدوای کۆبوونەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، دەبێت چەند زانیارییەك بەپەلە بنیردرێت.
ئاماژە بەوە دراوە: لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری شارەوانی و بەمەبەستی ئامادەکردنی ئەو زانیارییانەی لە فۆڕمی هەڵسەنگاندنی دۆخی شارەوانی بۆ دابینکردن و دەستنیشانکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شایستەی هەمیشەیی، بە فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، تکایە ئەو زانیارییانەی داواكراون لە فۆڕمی هاوپێچدا پڕ بکرێنەوە، لەگەڵ ناردنی نەخشەی ئەو زەوییانەی، کە لە فۆڕمەکەدا ئاماژەیان پێکراوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو: ئەو زەوییانەی لەدەرەوەی ماستەرپلانی سنووری شارەوانیدان ئاماژەیان پێ بکرێت و بە جیا دەرخستەیان بۆ ئامادە بکرێت و بە نووسراوێك داوای بڕی تێچوو و فراوانکردن و جیاکردنەوەکە بکرێت.
سەبارەت بە ناردنی ناوی فەرمانبەران، باسی ئەوە كراوە، كە لەم قۆناغەدا تەنیا ناوی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و مامۆستایان بنێرن، لە قۆناغی دووەمدا بڕیارەكە فەرمانبەرانی گرێبەستیش دەگرێتەوە، كاتێك كە دەبنە فەرمانبەری هەمیشەیی.