عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک: عەقڵێکی بچووک و بیرێکی تەسکی حزبی بووەتە ھۆکاری شێواندنی چەمچەماڵ

عەبدوڵای کوێخا موبارەک، كەسایەتیی دیاری سنووری چەمچەماڵ و كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند کە عەقڵێکی بچووک و بیرێکی تەسکی حزبی بووەتە ھۆکاری شێواندنی چەمچەماڵ.

ئەمشەو سێشەممە 14ی ئایاری 2024، عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، لە نووسینێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە: “عەقڵێکی بچووک و بیرێکی تەسکی حزبی بووەتە ھۆکاری شێواندنی چەمچەماڵ و زیانگەیاندن بە مێژوو و ناوبانگ و بە خزمەتگوزاریی و پێکەوە ژیانی خەڵکی شارەکە.

ئەوەشی خستووەتە روو: ئێستا لە چەمچەماڵ، ئیدارەی شار و دەسەڵاتی ئەمنی و قائیمقامیەت و زانکۆی چەرموو و مۆنۆمێنتی ئەنفال و مەڵبەندی یەکێتی لە یەکتر جیا ناکرێنەوە و ھەمویان وەکوو یەک بۆ مەرام و ئەجێندایەکی حزبیی و سیاسی بەکار دەھێنرێن.

ئاماژەشی بەوە داوە: کارگێڕی مەڵبەند، بەڕێوەبەری دائیرە حکوومییەکان، مامۆستا، ھەندێک داوڵی بێ ڕووحی خەڵکی شار بەناوی نوسەر و ڕۆشنبیر و ھونەرمەند و کەسایەتی بوکەڵەی جۆراوجۆر، ھەروەھا بۆنە فەرمی، حکوومی، حزبی، دینی، ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەک تێکەڵاوکراون ناناسرێنەوە و لێک جیا ناکرێنەوە.

راشی گەیاندووە: لەپاڵ تێکەڵکردنی دەسەڵاتی حیزبی و حکومی و تێکدانی شیرازە و باری کۆمەڵایەتیی و پێکەوەژیان لە شارەکەدا، دەستیان بردووە بۆ دزینی ھاوکاری کۆمپانیاکان و دانەگاز و کاری خێرخوازیی و قوتی خەڵک، وە ھەوڵی شێواندنی مێژوو و شوێنەوارە دێرینەکانی شارەکەش دەدەن.

هەروەها عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ئیتر بە وردی قسەمان دەبێت لەسەر ھەر کەس و لایەنێک کە زیان بە مێژوو و ناوبانگی چەمچەماڵ و خزمەتگوزاریی و پێکەوەژیانی خەڵکەکەی بگەیەنێت.

Back to top button