بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر سێیەم گەورەترین کۆمپانیای چین دێتە کوردستان

سێیەم گەورەترین کۆمپانیای چین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر، دەیەوێت بنکەیەکی پیشەسازیی وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان دروست بکات.

وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ شاندێكی کۆمپانیای گرۆواتی كۆماری چینی میللی کە پێکهاتبوون لە ئیساماو ڕووگاد، بەڕێوەبەری نووسینگەی عێراق و شاندی یاوەری، کۆبووەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی، لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چین کراوە، لەگەڵ بەبازاڕ کردنی بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانیایە لە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی بازرگانی رایگەیاندووە، سەرەڕای تۆمارکردنی لقی کۆمپانیاکە و وەرگرتنی هێمای بازرگانی و کردنەوەی گەورەترین بنکەی پیشەسازی وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا لقی كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوە و كار لە بە بازاڕكردنی بەرهەمەكانی بكات.

Back to top button