پارێزگاری هەولێر: رێگە بە هیچ کەس و لایەک نادرێت بەدەر لە رێنماییە زانستی و یاساییەکان دەرمان هاوردە بکات

پارێزگاری هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، رێگە بەهیچ کەس و لایەنێک نادرێت بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان دەرمان هاوردە بکات.
رۆژی چوارشەممە 15ـی ئایاری 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاودێری و پشكنین و كۆنترۆڵی جۆر و کوالێتی و نرخى دەرمانی کرد.

بەگوێرەی راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو، نوێنه‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، قائیمقامى ناوەند،  بەڕێوەبەرى گشتی بازگەکانى هەرێم و بەڕێوەبەرانى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا، چاودێرى بازرگانى، هۆبەى ئابوورى ئاسایشى هەولێر، پۆلیسى شارەوانى و نوێنەرانى داواکارى گشتیى،  kmca و سەندیکاى دەرمانسازان، ئامادە بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر لە پێناوى سەلامەتی گیانى هاووڵاتییان و بەرژەوەندى گشتی، جەختى لە چاودێریکردنى وردى کەرتی دەرمان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، تەندروستى هاووڵاتییان لاى ئەوان لە سەرووى هەموو شتێکەوەیە و ئامانجى ئەوانە وەکو حکومەتى هەرێم ، باشترین و بەرزترین کوالێتی دەرمان لە شاری هەولێر و هەرێمى کوردستان دابینبکرێت، گوتیشی، “نابێت رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت بەدەر لە رێنماییە زانستی و یاساییەکان دەرمان هاوردە بکات و هەموو جۆرە دەرمانێکى نایاسایی دەستی بەسەردا دەگیرێت.”

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر لێژنەى قائیمقامیەتی ناوەندى هەولێر و پۆلیسى شارەوانى و لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکەى راسپاردووە لە هەڵمەتى چاودێری و پشکنینی کۆگا و دەرمانخانەکان بەردەوام بن، لە هەرشوێنێک دەرمانى خراپ و ماوە بەسەرچوو دەستى بەسەردا گیرا، رێکارى توند لەگەڵ ئەو شوێنە و خاوەنەکەى بگیرێتەبەر.

پارێزگاری هەولێر داواى لە هاووڵاتییان کرد، هاوکاری تیمەکان بن و ببنە بەشێک لەگەڵ ئەوان بۆ رێگری لە دەرمانى کوالێتی خراپ و ماوە بەسەرچوو.

Back to top button