کوشتارگەی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات گۆشتی سەر شەقام و بێ مۆر نەکڕن
کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر رۆژانە زیاتر 600 بۆ 700 ئاژەڵی گەورە و بچووک سەردەبڕێت، هەروەها لێژنەی ڤێرتەرنەری بەردەوام پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکەن، هەر ئاژەڵێک نەخۆش بێت یاخود مەترسی تای خوێنبەربوونی لەسەر بێت، رەتدەکرێتەوە و ئاژەڵەکەش لەناو دەبرێت.
لەوبارەیەوە، د. ئەرسەلان جەلال، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هەولێر رایگەیاند، لە پشکنینی پێش سەربڕین “ئێمە هەموو ئەو ئاژەڵانە پشکنینیان بۆ دەکەین، بزانین شیاون بۆ سەربڕین، هەروەها هەر ئاژەڵێک نەشیاو بێت ئەوا ئەوا سەرنابڕدرێت و رەتدەکرێتەوە و بە هیچ شێوەیەک ئێمە رێگە نادەین لێرە سەرببڕدرێت.
هەروەها گوتیشی: “ستافی پزیشکەکانی ئێمە، لەگەڵ یاریدەدەری پزیشکان پشکنین بۆ یەکە بەیەکەی ئاژەڵەکان دەکەن، هەر ئاژەڵێک چ لاشەکەی بێت یان ئەندامێکی نەشیاو بێت، ئێمە رەتی دەکەینەوە”.
لای خۆیەوە هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر گوتی: “بەر لەو نەخۆشییە و لەگەڵ بوونی ئەو نەخۆشیەش، پێویستە ئاژەڵەکان لە ماڵەوە و لە کۆڵانەکان سەرنەبڕدرێن بەڕاستی گۆشتی سەر شەقام بەبێ مۆر و پسوولەی سەربڕین، مەکڕن”.
هەروەها ئاشکراشی کرد: “پێمان باشە هاووڵاتییان ئاگادار بکەینەوە، لەکاتێک کە ئەو نەخۆشیە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما روو لە هەڵکشان دەکات. پێویستە هاووڵاتییان گۆشت لە شوێنە فەرمییەکان و ئەو شوێنانە بکڕن کە مۆریان پێوەیە”.