راگەیاندراوێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 20/5/2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، “بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەینین، کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی (هەژماری من)ـەوە وەرگرت، ئەمەش دوای ئەوە هات کەوا لە ماوەی رابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمار کردبوو.”

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشداوە: “ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کە ئەم مانگە مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی وەرگرت، بەرزتریش دەبێتەوە، بە رێژەیەک کە ئەم ژمارەیە لە مانگەکانی داهاتوودا دوو هێندە دەکرێت و تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە.”
وەزارەتەکە جەختیش دەکاتەوە، “وەک پێشتریش ئاماژەی پێدرابوو، ئامانج لەم پرۆژەی “هەژماری من” ئەوەیە کە هەژمارێکی بانکیی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ  دابین بکات، کە خۆیان خاوەنداریەتی تەواوییان بە سەریەوە هەبێت.

وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە: “هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لە هەر بانکێکی ناو پڕۆژەی هەژماری من بکاتەوە، هیچ کەس و لایەنێک بە حکومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەهیچ جۆرێک دەستکاری مووچەکانیان بکات، هەربۆیەش ئیدی پێویست ناکات هاووڵاتییانمان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە بووەستن، پارەی نەختینە هەڵبگرن یاخود رێگایەکی دوور ببڕن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، ئەمەش وادەکات هەم کات و هەم ماندووبوونێکی زۆریان بۆ بگەڕێتەوە و هەم کوردستان ببات بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووی ئابووری.”

لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی داراییدا ئەوەش هاتووە: “خۆشحاڵین کە لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پڕۆژەکە، هاووڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتریان لایان دروست ببێت، چونکە پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر رەزامەندی و رێنوێنییەكانی بانکی ناوەندی عێراق، باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لە سەرتاسەری عێراقدا پێشكەش دەکەن.”

وەزارەتی دارایی هەروەها رایگەیاندووە: “سەرەڕای ئەوەی لەم مانگەدا مووچەخۆران توانییان سوودمەند بن لە ڕاکێشانی مووچەکانیان لە 84 ئامێری جیاوازی راکێشانی پارە ATM، ئامانجمان ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ ئەم ژمارەیە بگەینین بە نزیکەی هەزار ئامێر لە سەرتاسەری کوردستان، تاوەکو هاووڵاتییانمان دەستگەیشتن بە مووچەکانیان ئاسانتر بێت، ئەو کەسانەشی شارەزاییان لە بەکارهێنانی ئامێرەکان و هەژماری بانکی کەمترە، بەردەوام لەلایەن بریکارەکانمانەوە هاوکاری دەکرێن، تا کۆتایی ئەمساڵ و لە رێگەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر، لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن، هەربۆیەش بەوپەڕی توانامانەوە هەموو لایەک هان دەدەین تاوەکوو لەم گۆڕانکارییە وەچەرخانەی هەرێمی کوردستان بەشدار بن.”

بۆ زانیاری زیاتریش، هاووڵاتییان لە رێگەی ژمارە 1991 دەتوانن پرسیارەکانیان ئاراستەی سەنتەری خزمەتگوزاریی پرۆژەکە بکەن.

Back to top button