هاوڕێ دڵشاد: شاكار ستار پێی گوتم لەبەرئەوەی جنێو بە حكوومەت نادەم، دەسەڵاتی سلێمانی تەنگەتاو بوون

سێ ڕۆژ لەمەوبەر و لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی یەكێتییەوە لە بازگەی ئاشتی لە كۆیە، ڕۆژنامەنووسێك بە ناوی شاكار ستار لەگەڵ ژن و دوو منداڵەكەی دەستگیر كران. لەمبارەیەوە پێگەی (تیوار) كە ڕۆژنامەنووسەكە تێیدا كاری دەكرد، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاشكرای كرد كە شاكار ستار و هاوسەر و منداڵەكانی بە ئۆتۆمبێلی سەربازی گواستراوەتەوە و ڕەفتارێكی خراپی بەرامبەر كراوە.

لەمبارەیەوە هاوڕێ دڵشاد، چالاكوان لە شاری هەولێر، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) وێنەیەكی خۆی و شاكار ستاری بڵاو كردەوە و باسی لەوە كرد كە لە ماوەی رابردوودا شاكار ستاری بینیوە.

هەروەك نووسیویەتی: شاكار پێی گوتم ئەوە ماڵم هێنایە هەولێر. بەس ئەوەش باش دەزانم كە دەسەڵاتی سنووری سلێمانی باش بەوە تەنگاو دەبن، ئەگەر هیچ شتێکی خراپیشم نەبێت بۆیان، تەنیا لەسەر ئەوەی هاتوومەتە هەولێر و ناچم جنێو بدەم و بە راپۆرت هێرش بكەم و شتی بێمانا لەسەر حکوومەت و هیچ لایەنێک ناکەم، ئیدی کاردانەوەیەکم بەرانبەر هەر دەکەن.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە شاكار ستار پێی گوتووە: من لە هیچ شتێک ناترسم ئەگەر بەرانبەرم بیکەن، تەنیا ئەوە نەبێت كە لە سووکایەتییەک، لە قسەیەکی ناشرین دەترسم كە بەرانبەر بە هاوسەر و منداڵەکانم بیكەن! مەسەلە دایک و باوک و کەسوکارەکەمە کە دەچمەوە سلێمانی.

Back to top button