سەلیم خۆشەوی باسی ئهو ساته دهكات كه سەرۆک بارزانی چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان
یاوەرێکی بارزانی نهمر باس لە رۆژەکانی سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و ھەڵگرتنی چەکی پێشمەرگایەتی لەلایەن سەرۆک مهسعود بارزانییەوە دەکات و دەڵێ، خوای گەورە ئەو ھێزەی بە سەرۆک مهسعود بارزانی بەخشیوە تا ئێستاش وەک پێشمەرگە بەردەوامە لە خەبات.
سەلیم ئەسعەد خۆشەوی، فەرماندەی ھێزی ئامێدی لە شۆڕشی ئەیلوول، رایگەیاند: ساڵی ١٩٦١ شۆڕشی ئەیلوولی مەزن کاتێک دەستی پێکرد، لە پایزی ھەمان ساڵدا بارزانی نهمر کۆی کردینەوە، بۆ ئەوەی لە بارزانەوە بەرەو بادینان بچین بۆ ئازادکردنی ئەو دەڤەرە، خەڵکێکی زۆر لە دەوری بارزانی نهمر کۆبوونەوە، حکوومەتی ئەوکاتی عێراقیش فشارێکی زۆری خستە سەر شۆڕش و پڕوپاگەندەیەکی زۆری لە دژی شۆڕش بڵاو دەکردەوە، بەڵام بارزانی و پێشمەرگە بەردەوام بوون لە بڕیاری خۆیان و ئێمە دەربازی ناوچەی بادینان بووین، پێش گەشتەکەشمان بۆ بادینان بارزانی نهمر فەرمووی بمرن لەبرسان لەتێک نان بە زۆری لە کەس وەرنەگرن، خەڵکی بادینانیش بە ھەموو ھۆز و تیرەکانیەوە پێشوازییەکی زۆر گەرمیان لە بارزانی نهمر و شۆڕش کرد.
سەلیم ئەسعەد خۆشەوی زیاتر گوتی: دوای ئازادکردنی ھەموو ناوچەکانی بادینان و دانانی بەرپرسی ھێزەکانی پێشمەرگە، باوکم بۆ ناوچەی بەرواری دیاری کرا و ھەریەک لە شەھید عیسا سوار بۆ زاخۆ، شەھید حەسۆ لە شێخان جێگیر کران، بارزانی نهمریش خۆی سەرپەرشتیی ھێزێکی دەکرد و منیش ھەر لەگەڵی مامەوە تا ساڵی ١٩٦٢ لە بادینان.
خۆشەوی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ساڵی دواتر واتە ١٩٦٢ لە رێگەی دینارتەوە ئێمە لەگەڵ بارزانی نهمر گەڕاینەوە ناوچەی سۆران و بێخمە، سەرۆک مهسعود بارزانیش وەک پێشمەرگە چەکی کردە شان و لەو رۆژەوە تا ئێستا بەردەوامە لە خەباتی پێشمەرگایەتی، بەندە تا کۆتایی ١٩٦٣ لەگەڵ بارزانی نهمر مامەوە و لە ناوچەکانی پێنجوین و دەربەندیخان و کۆیە و پشدەر و حاجی ئومەران لە خزمەتی بووم، لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٣ وەک فەرماندەی ھێزی ئامێدی دەستبەکار بووم”.
سەلیم ئەسعەد خۆشەوی، باس لە میھرەبانی و ئازایەتی، سەرۆک مەسعوود بارزانی و شەھید ئیدریس دەکات و دەڵێت: شەھید ئیدریس و سەرۆک مهسعود بارزانی شانیان دابووە بەر کاروباری شۆڕش و شەو و رۆژیان خستبووە سەر یەک بۆ خزمەتی پێشمەرگە و شۆڕش، لە ژێر رێنمایی بارزانی نهمر بەردەوام کاروباری حزب و شۆڕش و بەرەکانی شەڕیان بەڕێوە دەبرد، دوو سەرکردە و کاریزمای کەموێنەن لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستاندا، پێموایە خوای گەورە ئەو ھێزەی بە سەرۆک مهسعود بارزانی بەخشیوە كه بەردەوامە لە خەباتی پێشمەرگایەتی.