پەرلەمانتارێک: کەیسی رۆژنامەنووسەکەی سلێمانی زانیاری راپۆرتەکانی دەبەینە پەرلەمانی عێراق
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی و یەكێتی دەكات، رۆژنامەنووس شاكار ستار ئازاد بكەن و لە جیاتی دەستگیر کردنی رۆژنامەنووسەکە، لێكۆڵینەوە لەو زانیارییانە بكەن كە ناوبراو لە چەند راپۆرتێكدا خوێندوویەتیەوە.
مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئاشکرای کرد، ”چەند رۆژێكە لە لایەن هێزەكانی ئاسایشی سلێمانییەوە رۆژنامەنووسێك بە ناوی شاكار ستار دەستگیر كراوە كە بەداخەوە لە كاتی دەستگیركردنیدا هەندێك پێشێلكاری زەق كراون، وەك گواستنەوەی هاوسەر و منداڵەكەی بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسە بەڕێزە وەك تاوانبارێك لەبەرچاوی منداڵەكانیدا، لە كاتێكدا یاسای ژمارە 35ی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان رێكاری روونی بۆ حاڵەتی هەبوونی سكاڵای یاسایی لە دژی رۆژنامەنووس دیاری كردووە.“
ڕوونیشی كردووەتەوە: ”بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، كاك شاكار ستار تەنیا وەك بێژەر لە پێگەیەكی ئەلیكترۆنی چوار راپۆرتی خوێندووەتەوە. ئەو راپۆرتانە بە تەواوی هەستیار و مەترسیدارن، چونكە بە بەڵگەی جۆراوجۆر كە بەشێكی بەڵگەكان لە دەزگا ئەمنییەكانی عێراق و هەواڵگری عێراقەوە دەرچوون، تێیدا باس لەوە كراوە كە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا قاچاخچێتییەكی مەترسیدار بە ماددە هۆشبەرەكان و چەكەوە دەكرێت. ئەم راپۆرتەی كاك شاكار ستار خوێندوویەتیەوە، زانیاری هێندە مەترسیداری تێدایە كە ئەگەر راست بن، هەر تەنیا هەڕەشە لە ژیان و تەندروستی و ئاسایشی خەڵكی سلێمانی ناكەن، بەڵكو هەڕەشە لە هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراقیش دەكەن.“
مەریوان قەرەنی داواشی كرد: ”لێكۆڵینەوەی ورد و جددی لەبارەی زانیارییەكانی نێو راپۆرتەكان بكرێت و ئەگەر زانیارییەكان دروستن با ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەر كەسێك بگیرێتە بەر كە قاچاخچێتی دەكات یان لە یاسا دەردەچێت. بۆ ئەم مەبەستە ئەم بابەتە دەبەینە لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق تا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت و رێگری لەو قاچاخچێتییانە بكرێت كە مەترسی دروست دەكەن.“