ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە تارق عەبدوڵڵا ئەلفەرەج، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە عوسمان ئەلداوود، کونسولی گشتی کوەیت لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی کوەیت کردەوە کە مێژوویەکی هاوبەشیان لە رووبەڕووبوونەوەی ستەم و دیکتاتۆری هەیە.

باڵیۆزی کوەیت ئاماژەی بەوە دا کە دەوڵەتی کوەیت بە چاوی رێز و گرنگییەوە لە رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دووپات کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیر وڕا لەبارەی دەرفەتەکانی برەودان بە وەبەرهێنانی کوەیتی لە هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئاڵوگۆڕ کرا.

Back to top button