پێشنیازەکەی سەرۆکوەزیران بارزانی لەسەر رێگەی گەشەپێدان واژۆ دەکرێت
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازەکەی سەرۆکوەزیران بارزانی بۆ “رێگەی گەشەپێدان” کرا واژۆ لەسەر کۆنووسەک کرا.
عێراق و تورکیا و ئیمارات لەسەر پڕۆژەی ستراتیژی “رێگەی گەشەپێدان” رێککەوتن کە ئابووری ناوچەکە لە رێگەی عێراقەوە بە ئەورووپا دەبەستێتەوە، بەڵام لە نەخشەڕێی پێشنیازکراو رێگەکە بە هەرێمی کوردستاندا تێنەدەپەڕێ، بۆیە سەرۆکوەزیران بارزانی نەخشەڕێیەکی نوێی پێشنیاز کرد.
لەو بارەیەوە ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەی هەرێمی کوردستان گوتی: لە کۆبوونەوەکەدا ئێمە پێشنیازی ئەوەمان کردووە کە نەخشە رێگەکە بەشێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە 32 کیلۆمەتر کورتترە و تێچووی کەمتریشی پێویستە، لە رووی ئەمنیشەوە سەقامگیرترە.
لای خۆیەوە یونس خالید کەعبی، بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسنین لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند: ئێمە پێشنیازەکانمان وەرگرتووە و خوێندنەوەی بۆ دەکەین و ئێستا لە قۆناغی دایزاینداین و دەکرێت گۆڕانکاری بکرێت بەپێی تایبەتمەندی پارێزگاکان، ئێمە گەیشتووینەتە زۆر خاڵی هاوبەش.
تا ئێستا رەزامەندی لەسەر ئەوە دراوە کە رێگەکە لە فاوەوە تاوەکو مووسڵ بە هەزار و 100 کیلۆمەتر درێژ ببێتەوە، تەنیا بەشی باکووری مووسڵ بۆ نێو خاکی تورکیا ماوە کە سەرۆکوەزیران بارزانی داوای کردووە بە نێو هەرێمی کوردستاندا تێپەڕێت.