دووەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا.
لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەم 23 ی ئایاری 2024، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە رێکەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی ( 453 ) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش داوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاری مووچەخۆران کە ئەم بانکە هەڵدەبژێرن لە نێوان حەوت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.
لە راگەیەنراوەكە هەروەها هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خشتە و زانیاری پێویستە دەربارەی پرۆسەی کردنەوەی هەژمارەکان و چاپکردنی کارتەکان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا هەفتەی رابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو. هیوادارین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات.