بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دهۆک: بووینەتە رایەڵەیەکی گرنگی نێوان خەڵک و حکومەت

بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، خزمەتێکی گەورەی پارێزگای دھۆکی کردووە و حکومەت داواکارییەکانی ئێمە زۆر بە باشی لەبەر چاو دەگرێت.

دکتۆر نەوزاد بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک رایگەیاند، “حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، یەکێک بووە لەو کابینانەی کە گرنگییەکی زۆری بە پارێزگای دھۆک داوە و توانراوە ئەو کێشانەی لەناو سەنتەری پارێزگا ھەن، چارەسەر بکرێن و ئەو داواکاریانە لەلایەن خەڵک و حیزبیش پێشکەش دەکرێن، ئێمە بە راپۆرت ئاڕاستەی حکومەتی خۆجێی و نووسینگەی سەرۆکی حکومەتیان دەکەین و بە خۆشحاڵییەوە داواکارییەکانی ئێمەش لەبەرچاو دەگیرێن”.

بەرپرسی لقی یەک گوتیشی: “دوای ئەوەی بەندە وەکو بەرپرسی لق دەستبەکار بووم، ئەو داواکاریانەی پێشکەشمان کردوون، حکومەت زۆر بایەخی پێ داون، بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت و ببنە بڕیار و جێبەجێ بکرێن، بۆیە لەم کابینەیەدا ئێمە بووینەتە رایەڵەیەکی گرنگی پەیوەندی نێوان خەڵک و حکومەت، بۆ ئەوەی بە زووترین کات داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن بەپێی توانای حکومەت، چونکە ئەگەر داتا وەربگرین، لەم کابینەیەدا خزمەتێکی یەکجار زۆری دھۆک کراوە”.

دکتۆر نەوزاد ئاشکراشی کرد، “تیمەکانی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران، زوو زوو سەردانی پارێزگای دھۆک دەکەن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری داواکاری خەڵک بن و بە شێوەیەکی خێرا بتواندرێت کاریان لەسەر بکرێت، ئەمەش یەکێکە لە خاڵە بەھێزەکانی ئەم کابینەیە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بۆ ئەوەی ئەو کەموکوڕیانەی ھەن، زووتر چارەسەر بکرێن، بۆیە داواکاری خەڵک لە پڕۆژەی ستراتیژی و پڕۆژەکانی دیکە زۆریان جێبەجێ دەکرێن و پڕۆژەی زۆر باش ئەنجام دراون، سەرەڕای قەیرانەکان و دژایەتیکردنی حکوومەت لە ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام کاری زۆر گەورە ئەنجام دراون”.

Back to top button