مهسرور بارزانی: هیوادارین كردنهوهی كونسوڵخانهی قهتهر ببێته هۆی بهرهو پێشچوونی زیاتری پهیوهندیی نێوان ههولێر و دهوحه
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد حەسەن ئەلحەممادی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ و باڵوێزی قەتەڕ لە عێراق، ڕێورسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەڕ لە هەولێر بەڕێوەچوو، تێدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی قەتەڕ، هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا .
دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
پێشەکی بەخێرهاتنێکی گەرمی بەڕێز د. ئەحمەد حەسەن ئەلحەممادی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ و
بەڕێز باڵیۆزی قەتەڕ لە عێراق دەکەم
ئامادەبووانی بەڕێز
ئێوارەتان باش و زۆر بەخێر بێن
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لە ڕێورەسمی کردنەوەی کونسولخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر. هیوادام ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکێک بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوولامان.
مایەی خۆشحاڵیمانە کە پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەڕدا هەیە و لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین بەرپرسی باڵای قەتەڕی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. هەروەها ئێمەش سەردانی دەوڵەتی قەتەرمان کردووە.
ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ میری قەتەر خاوەنشکۆ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی هەیە و خوازیارین پەیوەندییەکانمان لە بوارە جۆراوجۆەکاندا و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، زیاتر پەرە بستێنێت.
کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی قەتەڕ هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵی و کولتووری و خوێندنی باڵادا.
قەتەر لە ڕووی وەبەرهێنان و ئاوەدانیی و بيناسازی و وزە و جموجۆڵ و چالاکی ئابوورییەوە، دەوڵەتێکی دەوڵەمەند و خاوەن ئەزموونێکی سەرکەوتووە، بۆیە دەکرێ هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی قەتەر لەم بوارانەدا وەربگرێت.
لێرەدا بانگهێشتی وەبەرهێنەرانی قەتەری دەکەین کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە بوارە جۆراوجۆەکاندا پرۆژەی ئەنجام بدەن و ئێمەش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەر کارئاسانییەک لەم بوارەدا.
هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارامی دەڤەرەکەیە و لە هەمانکاتدا سروشت و جوگرافیای هەرێم زۆر لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جۆراوجۆردا، بەتایبەتی کشتوکاڵی و گەشتیاری و پێشەسازی. ئێمە بە هەموو توانایەک پێشوازی و پشتگیریی لە وەبەرهێنانی فرەچەشن دەکەین کە بەشێکە لە کارنامەی حکومەت لە ڕووی فرەچەشنکردنی ئابووری.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش پیرۆزبایی کردنەوەی کونسولخانەی گشتیی قەتەر دەکەین و هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی قەتەر دەخوازم.
هەر شاد بن.