مەسرور بارزانی: پردی ڕانیە – بنگرد سوودی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت

ئەمڕۆ بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی کردنەوەی پردی ڕانیە – بنگرد بەڕێوەچوو و تێدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، پردەکە سوودێکی زۆر بە هاووڵاتییانی ناوچەکە دەگەیەنێت و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی ڕۆژانەیان دەکات.

دەقی گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

مایەی خۆشحاڵیمە كە دووبارە سەردانی ئەم دەڤەرە تێكۆشەرە و نیشتمانپەروەرە دەكەم و لەگەڵ ئێوەی خۆشەویستم بۆ كردنەوەی پردی دەربەندی رانیە كە نزیكەی چوار ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەكەیمان دانا.

دەستخۆشی لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆژە گرنگە كە بێگومان سوودێكی زۆر بە خەڵكی ئەم ناوچە و ئەم دەڤەرە دەگەیەنێت و سنووری پشدەر و بێتوێن و مەرگە بە یەكەوە دەبەستێتەوە، ئەمە سوودێكی زۆری دەبێت بۆ ئاسانكاریی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان، هەروەها سوودێكی زۆری دەبێت بۆ گواستنەوەی بەروبوومی جووتیاران لە ناوچەكە، هەروەها یارمەتیی گەشەسەندنی كەرتی گەشتیاریش لەم دەڤەرە دەدات.

چوار ساڵ لەمەوبەر، لە بارودۆخێكی سەختی دارایی و تەندروستی بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و ئەو قەیرانە ئابوورییەی كە تووشی هەرێمی كوردستان بوو، ئێمە لەو كاتە بەردی بناغەی ئەم پرۆژەیەمان دانا كە خۆشبەختانە لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو كرا و خرایە خزمەتی هاووڵاتیانەوە، ئەمە بۆ ئێمە مایەی شانازی و پێزانینە كە ئەم پرۆژە گرنگە بە تەواوی لەلایەن توانا ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ كراوە، خۆشبەختانە ئەمڕۆ شایەدی ئەوەین كە توانا ناوخۆییەكان لە بواری دروستكردنی ڕێگەوبان، گەشەیان سەندووە و كوالێتیی ڕێگە و پردەكان زۆر باشتر بووە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و هەروەها پێشخستنی ژێرخانی ئابووری دەبێت.

ئێمە پلان و بەرنامەمان هەیە بۆ خزمەتی كەرتی ڕێگەوبان لە هەموو ناوچەكانی كوردستان، خوا یار بێت بە باشترین شێوە تۆڕی ڕێگەوبانی هەرێم كە شادەماری ئابووریی هەرێمن، بە ستانداردە نێودەوڵەتییەكان زیاتر پێش دەخەین، خەڵكی ئەم دەڤەرە وەك ناوچەكانی دیكەی كوردستان بێگومان هەموومان دەزانین كە قوربانییەكی یەكجار زۆریان داوە لەپێناو ئازادی و بەدەستهێنانی دەستكەوتە نیشتمانییەكان، بۆیە خەڵكی ئەم دەڤەرە شایستەی زیاتر خزمەتكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارین.

لەم ڕووەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی رابردوودا لە چوارچێوەی توانای بەردەست، چەندین پرۆژەی جۆراوجۆری لەم دەڤەرە و ناوچەكانی دیكەی كوردستان ئەنجام داوە و بەردەوامیش دەبین لە خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی ئەم ناوچەیە.

ئێمە لەم كابینەیە هەوڵمان داوە ئابووریی هەرێم فرەچەشن بكەین و تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین، كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری و پیشەسازیش كە كۆڵەكەیەكی سەرەكیی ئەم بەرنامە ئابوورییەن، ئێمە لەم دەڤەرە دەزانین هەموو ئەو بنەمایانەی تێدایە كە ئەم كەرتانە تێیدا گەشە بكەن و دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجانی ئەم دەڤەرە بڕەخسێندرێت.

هیوادارم وەبەرهێنەران و خاوەن سەرمایەكانی ئەم دەڤەرە و دەڤەرەكانی دیكەی كوردستان بەشدارییەكی كاراتر لە وەبەرهێنان لەم كەرتانەدا بكەن، پێشتریش بڕیارمان داوە كە دەستەی وەبەرهێنان و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان ئاسانكاریی زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە ناوچە كەمتر گەشەسەندووەكاندا بكەن و زەمینەیەك بڕەخسێنن كە پرۆژەكان لەم دەڤەرانەشدا قازانج بكەن و بەردەوام بن.

ئامادەبوانی بەڕێز

لە چەند ساڵی رابردوو بارودۆخ و قەیرانی سەختی ئابووری و داراییمان تێپەڕاندووە، لێرەدا جارێكی دیكەش سوپاسی خۆڕاگریی هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم، ئێمە هەموو هەوڵەكانمان خستۆتە گەڕ و هەموو تواناكانی خۆمان بەكار هێناوە بۆ ئەوەی كۆتایی بەم دۆخە سەختە ئابوورییە بهێنین، بە تایبەت مووچەی هاووڵاتیان كە لە كاتی خۆیدا بدرێت. هەوڵمان داوە كێشەكانمان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێككەوتنەكانی نێوانمان چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی مافی دەستووری و شایستە داراییەكانمان دابین بكرێن و زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین، من بەردەوام لەگەڵ بەڕێز سوودانی لە پەیوەندیدام و شاندەكانی دانوستانكاریش بەردەوامن بۆ وەلاوەنانی كۆسپەكان و لەم بڕوایە داین، كە دەتوانین پێكەوە لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان، سەروەت و سامانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتیان و پێشخستنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەكار بێنین و پێگەی ئابووریی عێراق و هەرێم لە ناوچەكەدا بەرز بكەینەوە.

Back to top button