حکومەت کێشەی زەوییەکانی گەزنەی چارەسەر کرد هاووڵاتیان دەتوانن بەناوی بکەن

شارەوانی رایگەیاند، پاش وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتەکە، دەستی بە چارەسەركردنی كێشەی بەشێك لە هاووڵاتییانی خاوەن زەوی، قەرەبووی گوندی كۆری کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی ئایاری 2024، سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە کە تایادا هاتووە، لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییان و خزمەتكردنی زیاتر، پاش وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە چارەسەركردنی كێشەی بەشێك لە هاووڵاتییانی خاوەن زەوی قەرەبووی گوندی كۆری، كێشەکەیان چارەسەر كرا.

سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر ئاشکراشی کرد، هەموو ئەو خاوەن زەوییانەی كە لە ماوەی رابردوودا زەوی گەزنەیان تۆمار كردووە بەناوی خۆیان و پاشان مامەڵەی كڕین و فرۆشتنیان لەسەر كردووە و بەناوی كەسی دووەم تۆمار كراوە، ئێستا رەزامەندی دراوە بە راییكردنی مامەڵەكانیان، هاوكات لە بەیانییەوە دەتوانن سەردانی سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر بەشی موڵكایەتی بكەن.

روونیشکراوەتەوە، پێویستە هاووڵاتییان لە كاتی سەردانكردنیان، ناسنامەی خۆیان و خێزانەكانیان لەگەڵ خۆیاندا بهێنن بۆ جێبەجێكردنی ڕێكارەكان.

دوای ئەوەی بەشێك لە هاووڵاتییان لە ساڵانی رابردوو لە خانووەكانی گوندی كۆری سوودمەند نەبوون، بڕیار درا هەر هاووڵاتییەك بە پارچە زەوییەك قەرەبوو بكرێنەوە، ئێستا ئەو زەوییانە بەسەریان تاپۆ دەكرێت.

Back to top button