لاهور جەنگی دەست بۆ دەمارەكانی یەكێتی دەبات و بەڵگەكان هەڵدەداتەوە

“به‌ره‌ی‌ گه‌ل” كه‌ به‌ ره‌وته‌كه‌ی‌ لاهور جه‌نگی‌ ناسراوه‌، ده‌ستی‌ بۆ بابەتە مەترسیدارەکانی یه‌كێتی‌ برد و دۆسیه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ سه‌ر بافڵ تاڵه‌بانی‌ و دزی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پاره‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌.

بەو پێیەی لاهور جه‌نگی‌، ساڵانێكی‌ زۆر به‌رپرسی‌ ده‌زگای‌ زانیاری‌ یه‌كێتی‌ بووه‌ و شادەماری نهێنییه‌كانی ئەو دەزگایە و یەکێتی لای‌ ئه‌و بووه‌، بۆیه‌ زۆر بابەتی هەستیاری یەکێتی لەلایە و به‌بێ‌ زانیاری‌ هیچ قسه‌یه‌ك له‌لایه‌ن به‌ره‌ی‌ گه‌لەوە دژی‌ یه‌كێتی‌ ناكرێ‌ و بۆ هه‌موو قسه‌كان به‌ڵگه‌ی‌ پێویستی هەیە لە دژی ئەو حیزبە.

لە به‌یاننامه‌كه‌ی‌ شه‌وی‌ رابردووی‌ “به‌ره‌ی‌ گه‌ل”، سەرەتایەک بوو بۆ هەڵدانەوەی ئەو دۆسییانە، ئەویش دۆسیه‌ی‌ هه‌ڵدڕینی‌ گۆیژه‌ و بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پاره‌ و سپیكردنه‌وه‌، دوو دۆسییه‌ی‌ پڕ نهێنین و به‌ره‌ی‌ گه‌ل به‌چڕی‌ كاریان له‌سه‌ر ده‌كات.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ شه‌وی‌ رابردووی‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ زۆر بەڕوونی ئاماژەی بە بوونی چەندین نهێنی دابوو کە تیایدا هاتبوو، “نیگه‌رانین له‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌سه‌ڵات و كۆمپانیاكانی به‌رامبه‌ر شاخ و به‌رزاییه‌كانی سلێمانی به‌ گشتی و چیای گۆیژه‌ به‌تایبه‌تی ده‌یكه‌ن، ئه‌و تاڵان و بڕۆیه‌ی له‌ زه‌ویوزاری سلێمانی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت ده‌بێت رابگیرێت، هه‌موو ئه‌و زه‌وییانه‌ش كه‌ له‌ ده‌شتایی و گرد و به‌رزایی و چیاكان داگیر كراون ده‌بێ بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌”.

ئەو بەرەیە روونیشی کردبووەوە، ماوه‌یه‌كی زۆر نییه‌ كه‌ نزیكه‌ی 400 ملیۆن دۆلاری دزراوی داهاتی سلێمانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، كه‌چی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م زۆنه‌ وانه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌ و به‌رده‌وامن له‌ به‌تاڵانبردن و شكاندنی شكۆی شاری سلێمانی، ئه‌و شاره‌ی له‌ مێژووی خه‌باتی رزگاریخوازی و فیداكاریدا سه‌رمه‌شقه‌ و هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ كه‌ چه‌ندان نازناوی هاوشێوه‌ی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی و شاره‌ حه‌یاته‌كه‌ و پایته‌ختی رۆشنبیری وه‌رگرتووه‌.

هەر لەو بەیاننامەیەدا بەرەی گەل تانەی لە سەرانی یەکێتی دابوو نووسیبووی، ‎هیچ هێز و ده‌سه‌ڵاتێك به‌ به‌عسیشه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئیراده‌ و خۆراگری سلێمانی بشكێنێ تا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستا بتوانن، ئه‌و زیاده‌ڕۆیی و تاوانانه‌ به‌رانبه‌ر سلێمانی له‌ ئێستا و ئاینده‌شدا، قبووڵكراو نین و به‌ توندی دژیان ده‌وه‌ستینه‌وه‌.

Back to top button