سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی کۆریا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە چۆی سونگ سوو، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەدا کە سینچۆل لیم، کونسولی گشتی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، جەخت لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆریا کرا.

باڵیۆزی کۆماری کۆریا، ستایشی دیدگای سەرۆکی حکومەتی کرد لە کارکردن بە ئاراستەی بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا.

باڵیۆزی کۆریا هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد کە بیست ساڵ لەمەوبەر تیپی سەربازی (زەیتوون)ی کۆریا هاتنە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان هەردوولا دەستی پێکرد و چەندین پڕۆژەی گرنگییان لە کوردستان ئەنجامدا بەتایبەتی لە رێگەی ئاژانسی هاریکاری نێودەوڵەتی کۆریا/کۆیکا.

سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانی و هاریکاری و بەشداری کۆریای باشوور لە پرۆسەی بەرەوپێشبردنی هەرێم دەربڕی و جەختی لە گرنگی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئەو وڵاتە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.

Back to top button